هاوكاتی ململانێی توندی نێوان سعوودیە و رووسیا، ئۆپیك كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی دواخست. مەترسی بێكار بوونی هەزاران كرێكار لە سێكتەری نەوتی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ ناچار بە هەڕەشەی سەپاندنی باج لەسەر نەوت دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە رێكخراوی ئۆپیك كرد چارەسەری تەنگژەی نەوت بكات و هۆشداری ئەوەیشی دا ئەگەر چارەسەری كێشەكە نەكات، ئەوا خۆی لەناوی دەبات.
ترەمپ لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا بەڵێنی پاراستنی سێكتەری نەوتی ئەمەریكای دا كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا هەزاران كرێكاری سێكتەری نەوتی ئەمەریكی هەڕەشەی لە دەستدانی كارەكانیان لەسەرە.
ترەمپ.. ئۆپیك مەترسی هەڵوەشانەوەی لەسەر هەیە
ترەمپ رای گەیاند، هەموو كارێك دەكەم بۆ پاراستنی سێكتەری نەوتی ئەمەریكی، ئەگەر پێویست بكات ئەوا باج و رسووماتی گومرگی دەخەمە سەر نەوت.
ئەگەرچی ئۆپیك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بڕیار بوو سبەی دووشەم كۆبوونەوەی بە پەلە لەسەر داوای سعوودیە ئەنجام بدەن، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی تر دواخراوە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بێت هەریەكە لە ئەمەریكا و كەنەدا و مەكسیك بانگهێشتی كۆبوونەوەكە كراون.
جێی باسە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ململانێی نێوان رووسیا و سعوودیە لە خستنەڕووی بڕێكی زۆری نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، وای كردووە نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی ئەمەریكا دروست كردووە وەك وڵاتێكی زەبەلاحی بەرهەمهێنی نەوت، مەترسی ئەوەیشی لەسەر دروست كردووە كە هەزاران كرێكاری سێكتەری نەوت كارەكانیان لە دەست بدەن و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەو وڵاتەش هەرەس بهێنن.