ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م پێنجی نیسان،
سامر غه‌زبان وه‌زیری نه‌وتی عێراقی هۆكاری دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپیك و وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وتی ئاشكرا كرد كه بڕیار بوو سبه‌ی دووشه‌م كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام بۆ رۆژی پێنجشه‌م، كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه، كۆبوونه‌وه‌كه دوا خرا.
وه‌زیری نه‌وتی عێراق ده‌ڵێ، به‌هۆكاری ته‌كنیكی كۆبوونه‌وه‌كه دواخراوه كه بڕیار بوو له‌رێی فه‌رمانگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنییه‌وه ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به ئاماده‌كارییە.
هه‌ر به‌هۆی دواخستنی كۆبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌می داهاتوو، عه‌ره‌بستانی سعوودیه بڕیاری دا به‌رهه‌می نه‌وتی مانگی ئایاری داهاتوو له بازاڕه‌كان بۆ فرۆشتن نه‌خاته‌ڕوو.
به‌هۆكاری ته‌كنیكی كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپیک بۆ پێنجشەم دواخراوه
سامر غه‌زبان گوتی "هه‌ندێك وڵات هێشتا پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی تاوتوێ نه‌كردووه كه ئه‌مه پرسێكی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بێت".
به قسه‌ی وه‌زیری نه‌وتی عێراق بێت، له كۆبوونه‌وه‌كه جگه له وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وتی ئه‌ندام له ئۆپیك، ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌رهه‌مهێنی نه‌وتی ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیكیش به‌شداریی له كۆبوونه‌وه داخراوه‌كه ده‌كه‌ن، زیاتر گوتی "ئه‌مه‌یش وا ده‌كات پرسی وه‌رگرتنی بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و خستنه‌ڕووی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان، پرسێكی ئاڵۆز و قووڵ بێت تا گه‌ره‌نتی سه‌قامگیری له بازاڕ هه‌بێت به ئامانجی گه‌شانه‌وه‌ی ئابووریی دنیا".
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی پێنجشه‌می داهاتوو، جگه له رووسیا، ئه‌وا هه‌ریه‌كه له وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا، به‌ڕازیل، نه‌رویج، كه‌نه‌دا و وڵاتانی ده‌ریای باكور و وڵاتی تریش به‌شداریی تێدا بكه‌ن. ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كه‌یش گه‌نگه‌شه‌كردنی پرسی سه‌قامگیریی بازاڕی نه‌وت ده‌بێت.
كۆبوونه‌وه‌كه له كاتێكدایه ململانێی توند له‌نێوان عه‌ره‌بستانی سعوودیه كه گه‌وره‌ترین وڵاتی به‌رهه‌مهێنی نه‌وته له ئۆپیك، له‌گه‌ڵ رووسیا كه گه‌وره‌ترین وڵاتی به‌رهه‌مهێنی نه‌وته له ده‌ره‌وه‌ی ئۆپیك.
جێی باسه ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی شه‌ش دۆلار نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهانی به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆمار كردووه، له كاتی كردنه‌وه‌ی بۆرسه‌ی نه‌وت، نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ته‌نیا 21 دۆلار و 82 سه‌نت بوو، به‌ڵام نرخه‌كه بۆ 29 دۆلار و 15 سه‌نت به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆمار كرد كه ئه‌مه‌ش به‌رزترین نرخی به‌رمیلێك نه‌وته پاش دابه‌زینی نرخ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كه لێكه‌وته‌ی نا راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئابووری هه‌موو دنیا داناوه.