تیمی كیمیایی گەیشتە گەڕەکی كارێزان

:: AM:11:35:08/04/2020 ‌
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی هەولێر ڕای گەیاند، تیمی كیمیایی بەرگریی شارستانی هەولێر گەیشتووەتە  گەڕەکی كارێزان و دەرمانڕێژ دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، یادگار شێخ بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، وەك بەرگریی شارستانی هەولێر لە ئەمڕۆوە دەست بە دەرمانڕێژكردنی ئەو گەڕەكانەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاو بووەتەوە دەكەین.

پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و بەهیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی، تیمی كیمیایی ئەمڕۆ چوار گەڕەك دەپڕژێنن و سبەش گەڕەكەكانی تر، بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی ئەو گەڕانە بچنەوە ماڵەكانیان و نەیەنە دەرەوە نەك زیانیان پێ‌ بگات.

باسی لەوەش كرد، ئەو مادەیەی بەكاری دەهێنن لەلایەن تیمەكانەوە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكەیە و پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و بەهیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە.

نۆ گەڕەكی هەولێر و دوو شوێنی دەوروبەری ئێستە كۆرۆنایان تێدا بڵاو بووەتەوە، ئەوەیش لە ئەنجامی دوو پرسە لە گەڕەكی كارێزانی هەولێر كە زیاتر لە 100 هاووڵاتی تووش بوونە.

تیمەكانی بەرگری شارستانی هەولێر ڕۆژانە بەردەوام سەرقاڵی ڕشتنی دەرمانن بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن و لە هەوادا لەناوی ببەن.











وشە - رامیار جەواد