پێشه‌مه‌رگه‌ له‌ ئاماده‌باشیدایه‌

:: PM:05:37:08/04/2020 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەكەی چەكدارانی داعش، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و دووپات دەكەنەوە كە وێڕای ناهەمواریی بارودۆخی هەرێمەكەمان و خراپیی دۆخەكە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، بەڵام وەك هه‌رده‌م، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشیی تەواودایە.

وەك هەمیشە، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریك پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە شارۆكەی كوڵەجۆ لە سنووری گەرمیان، لەساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای پێنجی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (ئیسماعیل فارس رەسوول، سووركێو حەمە رەشید) شەهید بوون.

"بە خەڵكی كوردستان رادەگەینین، وێڕای ناهەمواری بارودۆخی هەرێمەكەمان و خراپی دۆخەكە بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە، بەڵام وەك هەمیشە، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان" لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە وا نووسراوە.

هەروەها دەڵێن "لەكاتێكدا، چەندان جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆرێكخستنەوەی شانە نووستووەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر سەرۆك بارزانی لەبارەی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستانی داعش بەهۆی باشایی تەناهییەوە هۆشداری دابوو.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم