لەبەر ئەم هۆكارە مردن بە كۆرۆنا لە وڵاتە هەژارەكان كەمترە

:: PM:07:13:08/04/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستە سەرانسەری دنیای داگرتووە، زۆرینەی وڵاتانی دنیای گرتووەتەوە، بەتایبەتی وڵاتانی زۆر پێشكەوتووی وەك ئەمەریكا و چین و ئەوروپا، توێژینەوەیەكی زانستی دەری دەخات كە تێكڕای مردن لەو وڵاتانەی پێكوتەی دژ بە سیلی سی بە سیستمی تەندروستیان بەكار دێنن، شەش هێند كەمترە بە بەراورد بەو وڵاتانەی بەكاری ناهێنن.
سیستمی بەرگری بەهێز چارەسەرییەكی نزیك
پێكوتەی دژ بە سیلی سی " BCG"، پێش 100 ساڵ دۆزراوەتەوە، بەڵام دواتر دەركەوتووە كە سوودی تری هەیە، لەوانە زیادكردنی كاریگەری سیستمی بەرگری لەش لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێگرتن لە بڵاوبوونەوە، لە سوودەكانی ئەو پێكوتەیە، زیادكردنی بەرگرییە لە دژی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە، وەك لە حاڵەتی سیلی سییەكان، كە لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانی دانی پێدا نراوە. 

بەكارهێنانی ئەو پێكوتەیە زیاتر پێوەست بووە بە وڵاتانی هەژار، كە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەیان زیاتر تیادا بڵاو بووەتەوە، بەڵام لە زۆرێك لە وڵاتان وەك بەریتانیا لە 2005، بەكارهێنانی وەستێنراوە، ئەوەیش دوای كەمبوونەوەی رێژەی سیل لە دنیا.

لەو توێژینەوەی زانایانی ئەمەریكا لە زانكۆی جۆن هۆبكینز، داتاكانی پێوەست بە بەكارهێنانی پێكوتەی دژ بە سیلیان لە 50 دەوڵەت كۆ كردەوە و بە رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان بەراورد كرد، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی زیاترین رێژەی مردنیان هەبوو، لەو پێوەرانەیشی پشتی پێ بەسترا، دۆخی دارایی و رێژەی بەتەمەنەكان بووە. 

لەو توێژینەوە دەركەوت كە تێكڕای مردن بە كۆرۆنا بۆ هەر ملیۆنێك كەس لە وڵاتانی هەژار 0.4 و لە وڵاتانی ناوەند 0.65 و لە وڵاتانی دەوڵەمەند 5.5 بووە، بۆیە ئەوان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان بەكارهێنانی پێكوتەی دژ بە سیل و كەمبوونەوەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل