سعوودیە.. 150 كەس لە بنەماڵەی پاشایەتی ڤایرۆسی كۆرۆنایان گرتووە

:: AM:10:01:09/04/2020 ‌
عەرەبستانی سعوودیە تا دێت رێكارەكان بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا توندتر دەكرێن، چاوەڕوان دەكرێت حەجی ئەمساڵیش هەڵوەشێتەوە. تا ئێستە 150 كەس لە بنەماڵەی پاشایەتی ڤایرۆسەكەیان گرتووە و پاشا و جێنشینیش لە دوو شوێنی جیاواز خۆیان كەرەنتین كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ـی ئەمەریكی بێت، 150 كەس لە بنەماڵەی پاشایەتی لە عەرەبستانی سعوودی ڤایرۆسی كۆرۆنایان گرتووە، شا سەلمان و محەمەدی كوڕی جێنشینی پاشا، خۆیان لە دوو شوێنی جیاواز لەسەر كەناری دەریای سوور كەرەنتین كردووە.

بەگوێرە راپۆرتەكە بێت، میر فەیسەڵ بن بەندەر بن عەبدولعەزیز ئال سعوود میری ریاز، ڤایرۆسی كۆرۆنای گرتووە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕدایە. جگە لە میری ریاز، ئەوا 150 كەسی تر لە بنەماڵەی پاشایەتی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تووش بووە و لە نەخۆشخانەی مەلیك فەیسەڵ لەژێر چاودێریدان.

بەپێی نامەیەكی ئەلیكترۆنی كە ئیدارەی نەخۆشخانەكە بۆ كارمەندانی ناردووە، نەخۆشخانەكە كار لەسەر دابینكردنی 500 قەڕەوێلە دەكات، داواش لە كارمەندان كراوە پەلە بكەن لە دەركردنی نەخۆشەكانی تر بەزووترین كات بۆ دابینكردنی شوێن بۆ نەخۆشەكانی تری بنەماڵەی پاشایەتی.

شا سەلمان و میر محەمەدی جێنشین لە دوو کۆشکی جیاواز لە کەناری دەریا خۆیان کەرەنتین کردووە


شا سەلمان /84 ساڵ/ لە یەكێك لە كۆشكەكانی پاشایەتی لە كەناری دەریای سوور، نزیك شاری جەددە، خۆی كەرەنتین كردووە. هەروەها محەمەدی كوڕی /34 ساڵ/ بە هەمان شێوەی باوكی لە یەكێك لە كۆشەكانی پاشایەتی لە كەنارەكانی دەریای سوور خۆی كەرەنتین كردووە.
 
جگە لە بنەماڵەی پاشایەتی لە عەرەبستانی سعوودیە، هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی ئێران دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوون.

عەرەبستانی سعوودیە لە دووی ئاداری رابردوو، یەكەم حاڵەتی تووشبووی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند، بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش بێت تا ئێستە دوو هەزار و 932 كەس ڤایرۆسی كۆرۆنایان گرتووە، لەم ژمارەیە 41 كەس گیانیانی لە دەست داوە و 631 كەسیش چاك بوونەتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق