بڕیارەكانی حكوومەتی‌ كوردستان تۆماركردنی كۆرۆنای كردە سفر

:: PM:09:30:13/04/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوی 24 سەعاتی رابردووی سەبارەت بە نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە.

قەدەغەی هاتوچۆ و رێكاری تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگ بوون
جیاواز لە راگەیەنراوەكانی چەند ڕۆژی رابردوو لە 24 سەعاتی رابردوو هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە كوردستان تۆمار نەكراوە. د.محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتیی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە سەركەوتنی باش بەدەست هاتووە، بەشی سەرەكیی پێوەندی بە بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

ڕوونیشی كردەوە، قەدەغەی هاتوچۆ و رێكاری تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگ بوون و زوو فریای دۆخەكە كەوتن.

هاوكات وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایان گەیاند لە 24 سەعاتی رابردوو، 1792 پشكنین كراوە و هیچ ئەنجامێكی پۆزێتیڤ نەبووە.

كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 330 تووشبوو،  لەنێویاندا چوار مردن هەیە و 190 نەخۆش چاكبووەتەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم