هێزە سیاسییەكانی عێراق ناچارن حكوومەتی كازمی تێپەڕێنن

:: PM:11:03:15/04/2020 ‌

لەوكاتەی سەرچاوەكان ئاماژە بۆ نزیكبوونەوەی پێكهێنانی حكوومەتی مستەفا كازمی، راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەكەن، فراكسیۆنە گەورەكانی پەرلەمانی عێراق، پێشبینی خۆیان بۆ حكوومەتەكەی و ئەركەكانی دەخەنە روو، پەرلەمانتارێكیش دووپاتی دەكاتەوە كە هێزە سیاسییەكان ناچارن پاڵپشتی بكەن.
پێكهێنانی حكوومەتی كازمی پێوەستە بە كات
میساق ئیبراهیم، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"، روونی كردەوە، هەموو هێزە سیاسییەكان ناچارن كابینەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی لە پەرلەمان تێپەڕێنن، چونكە ئەو تەنگژە تەندروستی و ئابووریانەی هەن، ناچاریان دەكات بۆ قبووڵكردنی كازمی، تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەیشی پاڵپشتی ناكەن، ناچارن دەنگی پێ بدەن، چونكە وڵات بە قۆناغێكی هەستیار تێدەپەڕێت، بۆیە حكوومەتەكەی تێدەپەڕێت.

سەلام شمەری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"، گوتی، ئەگەر حكوومەتی كازمی لە پەرلەمان تێپەڕێندرا، یەكەم كاری جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەرانە پێوەست بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن و دیاریكردنی وادەی ئەو هەڵبژاردنە، هەروەها پێویستە چارەسەری دوو تەنگژەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بكات.

هەر ئەمڕۆ هاوپەیمانی"دەوڵەتی یاسا"، بەیاننامەیەكی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی كازمی دەركرد و باسی سێ میكانیزمی كرد بۆ پاڵپشتیكردن و ئاسانكردنی پێكهێنانی حكوومەتی كازمی، لەوانە پێكهێنانی تیمێك بۆ پاڵپشتیكردن و ئاسانكردنی ئەركی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی و دووەم پاڵپشتیكردنی دەستووریانە بە دەنگدان پێی لە پەرلەمان و دوای سەركەوتنیشی، پاڵپشتیكردنی لە سەركەوتنی لە بەڕێوەبردنی وڵات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل