دەستدرێژیکردنە سەر ژنەکەی پردێ‌ بە فەرمانی ژنێک بووە

:: AM:11:05:16/04/2020 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمەڵایەتی پردێ‌ ئاشكرای دەكات، دۆسیەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكەی پردێ‌، تا دێت ئاڵۆز دەبێت و ژنێكیش لە دۆسیەكە تێوەگلاوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی نیسان، سەعید فەتحوڵا ئەندامی كۆمەڵایەتی ئەنجوومەنی پردێ‌ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دۆسیەی دەستدرێژیكردنە سەر ژنە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكەی پردێ‌، فراوان تر بووە و گرووپێك تێوەگلاون.

لەلایەن ژنێك سەرپەرشتی كراون و بە فەرمانی ئەو، ئەو كارەیان كردووە
ڕوونی كردەوە، ئەو كەسانەی دەستدرێژییەكەیان كردووە، دەركەوتووە گرووپێكن و لەلایەن ژنێك سەرپەرشتی كراون و بە فەرمانی ئەو، ئەو كارەیان كردووە، هەروەها پۆلیسێكی پردێ‌ و دوو حەشد و چەند كەسێكی تر ئەو كارەیان كردووە.

باسی لەوەش كرد، ئەو ژنە براوەتە بنكەی پۆلیس بۆ ئەوەی گوتەی لێ وەربگرن، بەڵام پێویستە بزانرێت لەلایەن كەسانی بەرپرس پاڵپشتی دەكرێت و بە كەفالەت ئازاد كراوە، ئەمڕۆ كۆمەڵێك پارێزەری تری عێراقی خۆبەخش بۆ دۆسیەكە خۆیان تۆمار كردووەتەوە.

لە ڕۆژی حەوتی نیسان لەلایەن چەند كەسێكەوە دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر ژنێكی تەمەن 45 ساڵی شارۆكەی پردێ‌ كە خاوەن پێداویستی تایبەتە، ڤیدیۆی كردەوەكەشیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكەنەوە.



وشە - رامیار جەواد