گەشتی فڕۆكەخانەكان بە داخراوی مایەوە

:: AM:09:31:18/04/2020 ‌
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، گەشتی فڕۆكەخانەكان بە داخراوەیی مایەوە و خاوەن كۆمپانیایەكیش دەڵێ: زەمالەی خوێندنیش وەستاوە.

زەمالەی خوێندن بۆ هیچ قوتابییەكی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە وەرناگیرێت
ئەمڕۆ شەموو 18ـی نیسان، هەڤاڵ ئامانج خاوەنی كۆمپانیای گەشتیاری بۆ خوێندن و تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ڕۆژی 20 ـی نیسان دوا مۆڵەت بوو لەگەڵ ئەو زانكۆیانەی زەمالەی خوێندنیان بە خوازیارانی خوێندنی باڵا دەدا.

ئەو خاوەن كۆمپانیایە گوتی، چیتر زەمالەی خوێندن بۆ هیچ قوتابییەكی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە وەرناگیرێت تا گەشتەكانی فڕۆكەخانەكان دەست پێ‌ نەكەنەوە.

لە ئاگادارییەكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هاتووە، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقی بڕیاری داوە ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لە سەرجەم فڕۆكەخانەكانی عێراق تا 24ـی نیسان درێژ بكاتەوە.
  
ئاماژەی بەوەش كراوە، بڕیارەكە گەشتی فڕۆكەكانی مانگی سوور و سەربازی و یارمەتییە تەندروستییەكان و فریاگوزارییەكان و بارهەڵگر (كارگۆ) ناگرێتەوە.

دەرچوونی ئەو بڕیارە، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقی لە چوارچێوەی بەرگریكردنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە.



وشە - رامیار جەواد