سەرۆكی تیمی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە كوردستان: بڕیارەكانی سەرۆك وەزیران گیانی هاووڵاتییانی پاراست

:: PM:07:44:18/04/2020 ‌
د. كارزان محەمەد بەرزنجی، سەرۆكی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوونی دەكاتەوە، بڕیار و هەنگاوەكانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ساتێكی هەستیار و گرنگ دران و تەواوی گیانی هاووڵاتییانی كوردستانی لەم پەتایەی دنیای گرتووەتەوە پاراست.

ئەگەر خەمخۆری و ڕێكاره‌كانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى كوردستان نەبووایە تا مانگی ئایارى داهاتوو زیاتر لە ملیۆنێک کەس تووشی کۆرۆنا دەبوون له‌ هه‌رێم
ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان، د. كارزان محەمەد بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی سەڵاحەدین - هەولێر هەروەها سەرۆكی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "توێژینەوەیەكمان كردووە و لە نزیكی تەواوبوونە، بەڵام نامانەوێ جارێ داتاكان بڵاو بكەینەوە، لە نزیكترین كاتدا بۆ هەموو خەڵكی كوردستانی ڕوون دەكەینەوە كە دەرھاوێشتەكانی توێژینەوەكە چۆن بوون، به‌ناوى (‌کاریگەری ڕێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر کەمکردنەوەی ئاستى بەربڵاوی R0 ى ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ)".

ڕوونی كردەوە، "ئەگەر كاردانەوەی خێرای حكوومەت و سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی نەبووایە لە ماوەی مانگێك 180ھەزار كەس تووشی كۆرۆنا دەبوو لە كوردستان."

ئاشكرای كرد، "ئەگەر خەمخۆری وەزیری تەندروستی و تیمەكەی نەبووایە و رێكارەكانی وەزیری ناوخۆ نەبووایە تا مانگی ئایاری داهاتوو زیاتر لە ملیۆنێك كەس تووشی كۆرۆنا دەبوون لە هەرێم".

سەرۆكی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕای گەیاند، "ئەگەر حكوومەت و تیمی پشكنین و دەست نیشان كردن و تێستكردنی تاقیگەكان نەبووایە زیاتر لە 10 ھەزار كەس دەمردن بێ ئەوەی فریا بكەوین بزانین بە چی مردوون، هەروەها بیرمان نەچێت كە ئەگەر پابەندی خەلك و خۆڕاگری میللەت و هاوكاری كردنیان نەبوایە و ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ ئەرك و ڕۆلیان نەنوایە بە هیچ شێوەیەك كۆنترۆل نەدەكرا ئەم پەتایە لە كوردستان".

زیاتر گوتی، بۆیە بە پێویستی دەزانین كە سووپاسی سەرۆكی حكوومەت و تیمە وەزارییەكەی بكەین، سوپاسی تیمی تێستكردن و بایۆلۆجییەكانی شارەكان و  كارمەندانی تەندروستی و خەلك و میللەتی قەدر گران بۆ پابەندی، ئێوە قارەمانیتان نواند، ئێمەش بە توێژینەوە بە دنیا دەڵێین ئێرە كوردستانە و ئارامترین و سەلامەتترینە".


وشە - محەمەد میران