توركیا دەبێتە گەورەترین سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ناوچەكە

:: PM:09:22:18/04/2020 ‌

ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەندان ناوچەی دنیا روو لە هەڵكشانە، لەوكاتەی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی دوو ملیۆن و 300 هەزار و ژمارەی حاڵەتی مردنیش لە 159 هەزار نزیك دەبێتەوە، وەزیری تەندروستی توركیا رای گەیاند كە ژمارەی تووشبوون لە وڵاتەكەی گەیشتووەتە 82329 حاڵەت، بەوەیش پێش ئێران كەوتووەتەوە.
توركیا بەرەو لووتكەی بەهێزی بڵاوبوونەوە دەچێت
فەخرەدین قۆجە، وەزیری تەندروستی توركیا، ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوونی لە وڵاتەكەی تۆمار كراون گەیشتووەتە 82329 حاڵەت، بۆیە بووەتە گەورەترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رووی ژمارەی حاڵەتی تووشبوون، دوای تۆماركردنی 3783 حاڵەتی نوێی تووشبوون لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو، بەوەیش توركیا لە چین نزیك دەبێتەوە لە ژمارەی حاڵەتی تووشبوون، كە سەرەچاوەی سەرەكیی بڵاوبوونەوەی پەتاكەیە لە دنیا.

زیاتر گوتی، هەروەها لەو ماوەیەدا 121 حاڵەتی مردن تۆمار كراوە، بەوەیش كۆ ژمارەی حاڵەتی مردن بەو ڤایرۆسە لە توركیا گەیشتووەتە 1890 حاڵەت، دووپاتی كردەوە، تا ئێستە 1822 حاڵەتی چاكبوونەوەیش هەیە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو پشكنین بۆ 40520 كەس كراوە، لەوكاتەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەوە، قەدەغەی هاتوچۆی لە نێوان 31 شاری توركیای بۆ 15 رۆژی تر نوێ كردەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل