ڕۆڵی نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق جینین بلاسخارت بووه‌ته جێی گفتوگۆ و كێشمه‌كێشمی به‌ره‌ی سه‌ر به ئێران له عێراق و سه‌ره‌تا به‌شێك به نزیك له ئێران ناویان ده‌برد و به‌شێكیش به دژی ڕه‌وتی میلیشیاكان ناوی ده‌به‌ن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه فشار ده‌خاته سه‌ر لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و گرووپه چه‌كداره‌كان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه، ئه‌مه‌یش وایكردووه ئه‌و ژنه ترس و نیگه‌رانی و گومان لای گرووپه جیا جیاكانی سه‌ر به ئێران دروست بكات.
بلاسخارت ئه‌و ژنه هۆله‌ندییه‌ی كه دوای ئه‌وه‌ی له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو خۆپێشاندان شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی گرته‌وه، چووه ناو خۆپێشانده‌ران و زۆرترین داكۆكی لێ‌كردن و له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش ده‌نگی خۆپێشانده‌رانی گه‌یاند و به توندی دژ ته‌قه‌كردن له خۆپێشانده‌ری مه‌ده‌نی وه‌ستایه‌وه و بوو به دیوارێك بۆ به‌رگریكردن له خۆپێشانده‌ران، بۆیه له‌لایه‌ن گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران به تایبه‌تی و لایه‌نه‌كانی شیعه به گشتی به كه‌سێكی نه‌خوازراو ناوی ده‌برێ و به جێبه‌جێكاری سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له عێراق تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن.
بلاسخارت له كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری ڕابردوو له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ڕاپۆرتی تایبه‌تی خۆی له‌باره‌ی خۆپێشاندانه‌كانی عێراق خسته‌ڕوو و هێزی میلیشیاكان و حكوومه‌تی تۆمه‌تبار كرد، به كوشتنی خۆپێشانده‌ران، به گوێره‌ی ئاماره‌كانیش ژماره‌ی قوربانیان گه‌یشتوونه‌ته 700 كوژراو و نزیكه‌ی 27 هه‌زار بریندار، كه ئه‌مه‌یشی به كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یی مرۆیی ناوبرد.
به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و ساتی ڕاسپاردنی كازمی به نایاسایی و ده‌ستوه‌ردان ناو ده‌به‌ن
كاره‌كان و جموجۆڵی ئه‌و ژنه به ته‌واوی بووه‌ته جێی سه‌رنجی میلیشیاكان و شیعه به گشتی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرێك له سیاسییه‌كانی شیعه و میلیشیاكان خه‌ون به‌وه ده‌بینن، كه سه‌ردانی سیستانی بكه‌ن و وێنه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بگرن، له‌و ڕێیه‌وه خه‌ڵكی هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن تا دوایان بكه‌ون و ده‌نگیان پێ بده‌ن، به‌ڵام سیستانی ده‌رگای به ڕووی هه‌مووان داخستووه، كه‌چی بلاسخارت به عیجابه‌وه سه‌ردانی سیستانی كرد و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كرد، له‌به‌ر ئه‌وه میلیشیاكان ڕۆڵی ئه‌و به زیاتر له نێرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌بینن و گومانی زۆریان له‌سه‌ر كاره‌كانی دروست كردووه.
دواجاریش نێرده‌ی سكرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ڕێوڕه‌سمی ڕاسپاردنی مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌لایه‌ن سه‌ركۆماری عێراقه‌وه به‌شداری كرد، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه له ڕاسپاردنی محه‌مه‌د عه‌لاوی و عه‌دنان زورفی ئه‌و ژنه هه‌رگیز ده‌رنه‌كه‌وت و به‌شدار نه‌بووه، بۆیه ده‌نگۆی ئه‌وه دروست بووه، كه كازمی له پێكهێنانی حكوومه‌ت سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ و ئه‌زموونی زورفی و عه‌لاوی به‌سه‌ردا دووباره نابێته‌وه، چونكه بلاسخارت پشتیوانیه‌تی و خۆی له ڕێوڕه‌سمی ڕاسپاردنی به‌شدار بووه.
ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی بنیاتنان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید" گوتی، جموجۆڵه‌كانی دژ به گرووپه چه‌كداره‌كان و لایه‌نه‌كانی شیعه‌یه، له كاتێكدایه ئه‌ركی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بریتییه له سه‌یركردنی هه‌مووان به‌یه‌كچاو و نێوه‌ندگیری و نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كان له یه‌كتر.
په‌رله‌مانتاره كه ناوی بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه ده‌ڵێ، ئه‌و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی سیاسییه‌كانی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام گرووپه چه‌كداره‌كان و حه‌شدی شه‌عبی به ته‌واوی په‌راوێزخستووه، ئه‌مه‌یش ده‌رخه‌ری نیازه‌كانیه‌تی، بۆیه له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه، به نوێنه‌رایه‌تیكردنی ئه‌جێندای ئه‌مه‌ریكا له عێراق تۆمه‌تبار ده‌كرێ و به گه‌وره‌كه‌ری خۆپێشاندانه‌كانیش ناوی ده‌به‌ن، به‌وه‌ی دۆخی خۆپێشاندانه‌كانی له قه‌باره‌ی خۆی زۆر گه‌وره‌تر كردووه، تا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بێنه ده‌نگ.
عامر فایز ئه‌ندامی فراكسیۆنی فه‌تح و لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق گوتی، نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق ده‌ست له جۆره كاروبارێك وه‌رده‌دات، كه هیچ ئه‌رك و كاری ئه‌و نییه، بۆیه هیوادارین حكوومه‌تی عێراق سنوورێكی دابنێ و ڕێ نه‌دات به ناوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ئه‌جێندای وڵاتێكی دیارییكراو جێبه‌جێ بكات، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كاروباری نێرده‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه بۆ وڵاتان.
پێشتر ده‌نگی خۆپێشانده‌رانی گه‌یانده دنیا كاتێك میلیشیاكان ڕه‌شبگیر و كۆمه‌ڵكوژییان ده‌كردن
زیاتر گوتی، بلاسخارت مافی ئه‌وه‌ی نییه له كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ دیارییكردنی كاندیدێك به‌شداری بكات یان له ڕێوڕه‌سمی ڕاسپاردنی كه‌سێك بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌مان، ئه‌مه هیچ ئه‌رك و ماف و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی ئه‌و نییه.
هه‌ریه‌ك له هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له زاری سه‌عد مه‌تڵه‌بی و په‌رله‌مانتاری پێشووی سوننه كامل دلێمی به توندی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بلاسخارت ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی عێراق، ئه‌ركی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی و ئاساییش و پاراستنی مافی مرۆڤ و پێشكه‌شكردنی كۆمه‌كی مرۆیی و په‌ره‌پێدانی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و پشتیوانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی لێكده‌ده‌نه‌وه و به‌شداربوونی له كۆبوونه‌وه‌كان كه پرسێكی ناوخۆی عێراقه به پێشێلكارییه‌كی گه‌وره ناو ده‌به‌ن.
جینین بلاسخارت له كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2018 وه‌ك نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق دیاریی كرا، سیاسییه‌كی هۆله‌ندییه و پێشتر له 2004 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و له 2017یش ئه‌ندامی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی بووه.