پەرلەمانتارێك: لاوازیی حكوومەت هۆكارێكی زیادبوونی هێرشەكانی داعشە

:: PM:06:57:20/04/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا هێرشەكانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان زۆر زیادی كردووە، كەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق هۆكارەكانی زیادبوونی هێرشەكانی داعش لە چوار پارێزگای عێراق ئاشكرا دەكات.
وریایی لە لەدەستدەرچوونی دۆخەكە دەدرێت
علێوی ئەمڕۆ دووشەم گوتی، لە مانگی نیسان، جموجۆڵێكی ئاشكرای شانە نوستووەكانی رێكخراوی داعش لە پارێزگەكانی دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و مووسڵ هەبوو، ئەوان چەندان هێرشی تیرۆریستیان ئەنجام داو قوربانی زۆریش هەبوو.

زیاتر گوتی، لاوازیی حكوومەت، كە حكوومەتی ئێستەی عێراق كاربەڕێكەرە، بوونی كێشەن و كەموكورتی لە هێزە تەناهییەكان بەهۆی نەبوونی چاودێری و لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمییەكان و هاتنی ئەندامانی داعش لە سنوورەكانی سووریا و سعوودیە، ئەوانە هۆكار بوون بۆ زیادبوونی جموجۆڵەكانی داعش.

"بۆیە پێویستە دۆسیەی سنوورەكان چارەسەر بكرێت و رێگری لە هاتنی تیرۆریستان لە وڵاتانی دراوسێ بكرێت و بەدواداچوون بۆ شانە نوستووەكانی داعش لەو ناوچانەی باس كران، بكرێت"، علێوی وای گوت. 

پێشتر لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە وریایی لە زیادبوونی جموجۆڵی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دا و گوتی، ئەو كێشەیەمان دیاری كردووە و زیاتر لە جارێك راپۆرتمان لەبارەیەوە داوەتە بەغدا،  بۆیە پێویستە تا دۆخەكە لەدەست دەرنەچووە، پێشی لێ بگیرێت. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل