"وشە" دۆخی مووچە لەسەردەمی كابینەی نۆیەم روون دەكاتەوە

:: PM:09:32:26/04/2020 ‌
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ماوەی نۆ مانگە دەستبەكار بووە تا ئێستە هەشت مووچەی فەرمانبەرانی داوە، "وشە" لە زاری سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانەوە پێدانی مووچە بۆ خەڵكی كوردستان روون دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ی نیسان، سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە"ی روون كردەوە كە ئەو بۆچوون و قسانە راست نین كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ هیچ مووچەیەكی نەداوە.

ئەو سێ مووچەی كە باس دەكرێت، لە ساڵی ٢٠١٨ نەدراوە و لە كابینەی پێشوویەوە ڕاكێشراوە بۆ ساڵی ٢٠١٩
سەرچاوەكە دەڵێ‌، كابینەی نۆیەم تەنیا نۆ مانگە كار دەكات و لەم ماوەیەشدا، هەشت مووچەی داوە و تەنیا مووچەی مانگی نیسانی لا ماوە.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەو سێ مووچەی كە باس دەكرێت، لە ساڵی ٢٠١٨ نەدراوە و لە كابینەی پێشوویەوە ڕاكێشراوە بۆ ساڵی ٢٠١٩، لەكاتێكدا پاشەكەوت كراوە.

دووپاتیش دەكاتەوە كە لە ساڵی ٢٠١٨ تەنیا نۆ مانگ مووچە دراوە، بەڵام لە ساڵی 2019 هەموو مانگێك مووچە دراوە، ئەمسالێش سێ مانگ مووچە دراوە.

د.ئەرشەد تەها مامۆستای كۆلێژی كارگێری و ئابووری بۆ "وشە" باس لەوەدەكات تا رادەیەكی باش دۆخی مووچە ئاسایی بووەوە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی نەوت و كۆرۆنا ئێستە جارێكی تر كێشە دروست بووەتەوە.

روونیشی كردەوە كە تەنگژەی ئابووری سەرانسەرییە و تەنیا پێوەندی بە هەرێمی كوردستان و حكوومەتەوە نییە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم