ئەمەریكا بەخشینی عێراق لە كڕینی كارەبا لە ئێران درێژ دەكاتەوە

:: PM:11:35:26/04/2020 ‌

دوای ئەوەی هاتە راگەیاندن كە واشنتن بۆ دوایین جار بەخشینی عێراقی لە كڕینی كارەبای ئێران تا كۆتایی مانگی نیسان درێژ كردووەتەوە، ئەمەریكا بڕیاری دا وادەی بەخشینی عێراق لە سزاكان بەهۆی كڕینی كارەبا و گاز لە ئێرانەوە بۆ 30 رۆژی تر درێژ بكاتەوە، وەك "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە.
دۆخی عێراق بەرگەی گوشاری زیاتر ناگرێت
ئەو بڕیارە بەر لە دوو رۆژ لە كۆتاهاتنی وادەی بەخشینی پێشوو دێت، كە ئەمەریكا دوای پاشەكشەكردنی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دوای هاتنە دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، بە چەند قۆناغێك سزای بەسەر ئێران سەپاند، بۆ ناچاركردنی بۆ سازكردنی رێككەوتنێكی نوێ، بەڵام بەهۆی پێویستی عێراق بە كارەبا و گازی ئێرانی بۆ بەكارخستنی وێستگەكانی كارەبای، چەند جارێكە عێراق لە جێبەجێكردنی سزاكانی دەبەخشێت.

لوئەی خەتیب، وەزیری كارەبای عێراق لەو بارەوە گوتی، عێراق پێویستی بە سێ تا چوار ساڵ دەبێت بۆ وەستانی لە پشتبەستن بە هاوردەكردنی كارەبا لە ئێرانەوە، ئەو بە "ستاندەر ئیند بورز گڵۆباڵ پلاتس"، كە كۆمپانیایەكی بواری دڵنیاییكردنە، گوتی، پڕۆژەكانی نەوت و گازی عێراق پێویستیان بە چەند ساڵێك هەیە بەر لەوەی بگەنە ئاستێك عێراق بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت لە هاوردەكردنی گازی ئێرانی.

چەند جارێكە ئەمەریكا عێراق لە پابەندبوون بە سزاكانی سەر ئێران دەبەخشێت، دواجار 30 رۆژ بواری بە عێراق دا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی تر بۆ هاوردەكردنی كارەبا و گاز، كە بڕیاربوو عێراق بڕی 10 ملیار دۆلار لە ماویە چوار ساڵ بۆ كۆتاهێنان بە پشتبەستنی بە ئێران خەرج بكات، بەڵام تا ئێستە هیچی نەكردووە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل