چەند زانیاریەكی تر لەبارەی ئەو كچەی تەرمەكەی لە ماڵێك دۆزرایەوە

:: PM:08:28:27/04/2020 ‌

درەنگانی شەوی ڕابردوو، كچێك لە ماڵێكی شاری سلێمانیدا بە فیشەكێك كوژرا و پاشان تەرمەكەی نێردرایە پزیشكی داد بۆ لێكۆڵینەوە و ئێستەیش كەسوكارەكەی لە پزیشكی دادەوە چاوەڕێن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەكەی، پۆلیسیش ڕای دەگەیەنێت لە گەڕانداین بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەكە.

سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كوڕێك ئەو كچەی بردووە بۆ ماڵی خۆیان لە گەڕەكی چوارچرا لە سلێمانی، لەو ماڵە فیشەكێكی بەركەوتووە كە پۆلیس چووەتە سەر ڕووداوەكە و بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

لە دوای ئەوەی كچەكە فیشەكی بەردەكەوێت كوڕەكە هەڵدێ

زیاتر گوتی، لە دوای ئەوەی كچەكە فیشەكی بەردەكەوێت كوڕەكە هەڵدێ، ئەویش خەڵكی سلێمانییە، بۆیە ئێمە نازانین ئایا ڕووداوەكە بە ئەنقەست و مەبەست بووە یان لەدەستی دەرچووە، ئێمە بە دوای تۆمەتبارەمەدا دەگەڕێین و هێشتا دەستگیر نەكراوە.

بەرزان محەمەد بەڕێوەبەری پزیشكی دادی سلێمانی سەبارەت بە مانەوەی تەرمی كچەكە لە پزیشكی داد بۆ "وشە" گوتی، شەوی ڕابردوو دوای سەعات 1:30 خوولەك، تەرمی كچێكی سەروو 19 ساڵیان هێنایە پزیشكی دادی سلێمانی كە بەهۆی فیشەك كوژرابوو، هیچ ناسنامەیەك و بەڵگەیەكی قێنەبوو كە دەریبخات ئەم كچە كێیە، بۆیە هەرزوو لەلایەن پزیشكانەوە توێكاری بۆ تەرمەكەی كرا و دەركەوت بە فیشەك كوژراوە.

بەڕێوەبەرەكەی پزیشكی دادی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشدا، كەمێك پێش ئێستە كەسوكارەكەی هاتنە پزیشكی داد و دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان تەرمەكەیان پێ دەدەینەوە تا بینێژن.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان