ئەوانەی نیشانەكانی هاتوچۆیان دەشێواند گیران

:: AM:09:42:28/04/2020 ‌
ئەو گەنجانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاو بووەتەوە كە نیشانەكانی هاتوچۆ دەشێوێنن، شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزە تەناهییەكانی هەولێر گیران.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی نیسان، فازڵ حاجی گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بەرلەگرتنی ئەو كەسانە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە سێ گەنج هێماكانی هاتوچۆ دەشێوێنن، وەك هاتوچۆی هەولێر بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم بابەتە دەكەن.

لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیران
ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ گوتی، ئێمە بەزووترین كات دەیاندۆزینەوە و دەیاندەین بەدادگا بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن و ببن بەپەند و عیبرەت بۆ خەڵكانی تریش كە بیانەوێت چاو لەوان بكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، ئەوانەی لە 25ـی نیسان لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا هەڵساون بە تێكدانی هێمای هاتوچۆ لە شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر، لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیران.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، ئەوانەی گیراون سێ‌ كەسن و دانیشتووی گوندێكی سنووری هەولێرن، تەنیا بۆ خۆشی و دەركەوتن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەو كارەیان ئەنجام داوە.



وشە - رامیار جەواد