تاقمە دۆڕاوەكە دەیانەوێ کێشە لە زینی وەرتێ‌ دروست دەکەنەوە

:: AM:10:59:28/04/2020 ‌
ئەو تاقمەی دژایەتی كوردستان دەكەن، دوای شكستیان لە بەغدا و نزیكبوونەوەی چارەسەری كێشەكان، جارێكی تر بابەتی زینی وەرتێ‌ دەورووژێنن و كێشە دروست دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی نیسان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ڕاپەڕینەوە بە "وشە" دراوە، لە كۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی تاقمە دۆڕاوەكە كە هەمیشە لەناوخۆ و لە عێراق دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بڕیاریان داوە جارێكی تر بابەتی زینی وەرتێ‌ بورووژێنن.

بڕیارە سبەی خۆپێشاندان بۆ زینی وەرتێ‌ بكەن
ئەو سەرچاوەیە كە بەشداربووی كۆبوونەوەكە بوو گوتی، ئەو تاقمە بە پاڵپشتی چەند پەرلەمانتارێكی خولەكانی ڕابردوو و بە پاڵپشتی لایەنێكی سیاسی، دوای دابینكردنی پاس و ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەیان، بڕیارە سبەی خۆپێشاندان بۆ زینی وەرتێ‌ بكەن.

باسی لەوەش كرد، بڕیارە خۆپێشاندانەكە لە شارەدێی سەركەپكانی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین بێت و لەوێ كۆ ببنەوە، دوای ئەوە بە ئۆتۆمبێل دەچنە زینی وەرتێ و بە ڕێپێوان تا شوێنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی تێدا جێگیر كراوە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری داوە هێزێك لە زینی وەرتێ‌ جێگیر بكات، ئەوەش بووە هۆی ڕێگری لەكاری قاچاخی چەند گرووپێك.

تاقمە بەكرێگیراوەكە كە ئێستە لە ئەندامانی چەند باڵێكی حزبێكی كوردستان پێكهاتوون، بەهۆی مەترسی لە جێبەجێكردنی چاكسازی لەسەر مووچەكانیان و نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان لە سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاریان داوە هەموو دژایەتییەكی هەرێمی كوردستان بكەن.  



وشە - رامیار جەواد