سەرچاوەیەك: سبەی كازمی داوای دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حكوومەتەكەی دەكات

:: PM:11:20:28/04/2020 ‌


لەوكاتەی پەرلەمانتارێكی سوننە دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ لە هێزە سیاسییەكان دەستبەرداری وەزارەتەكانیان نەبوونە، پەرلەمانتارێكی شیعە دووپاتی كردەوە كە كێشەكان چارەسەر بووە و كازمی داوای سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر حكوومەتەكەی دەكات، سەرچاوەیەكیش دووپاتی كردەوە، سبەی كازمی داوا لە پەرلەمان دەكات بۆ دیاریكردنی وادەی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی.
لە پێكهێنانی حكوومەت نزیك دەبێتەوە
 ئەمشەو سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی "فەتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری، ئاشكرای كرد كە مستەفا كازمی راسپێردراو، سبەی چوارشەم بەرنامەی حكوومەتەكەی و نووسراوێك بۆ دیاریكردنی وادەی دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتەكەی، رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكات.

سەرچاوەكە لەو بارەوە بە "شەفەق نیوز"ی راگەیاند، بەیانی سبەی چوارشەم كازمی بەرنامەی حكوومەتەكەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكات، جیا لە داواكاریەك بۆ دیاریكردنی دانیشتنی دەنگدان بە حكوومەتەكەی، لەوكاتەی هەینی رابردوو لیستێكی 14 وەزیری كابینەكەی خستبووە بەردەم هێزە شیعەكان و ئەوانیش رەتیان كردبووەوە، دواتر لەسەر داوای ئەوان لیستەكەی گۆڕیوە.

لای خۆیەوە ئینتسار جبووری، پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان (سوننە)، ئەمڕۆ دووپاتی كردەوە كە ئەو قسانەی باسی ئەوە دەكەن هەندێك لە هێزە سیاسییەكان دەستبەرداری پۆستەكانیان بوونە و كازمیان سەرپشك كردووە لە دانانی وەزیرەكانی، راست نییە و هەمووان لەسەر بەشی خۆیان سوورن و گوشاری گەورەی لەسەرە.

لەوكاتەی حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"، روونی كردەوە، هەندێك لەو ناكۆكیانەی لەسەر چەند وەزیرێكی كابینەی كازمی هەبوو، چارەسەر كرا و ئەوان گۆڕدران، ئەوەیش لە كۆبوونەوەی دوێنێ ئێوارەی ماڵی هادی عامری.

قەدۆ دووپاتی كردەوە، كابینەی حكوومەت رەوانەی دەستەی دەسپاكی و لێپرسینەوە دەكرێت و دوای ئەوە بۆ پەرلەمان، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دانیشتنی متمانەدان بە حكوومەتی كازمی ساز بكرێت.  


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل