بۆچی ئەو بارەی لە ئێرانەوە دێ پێش سنوور ئاڵوگۆڕ بە بارهەڵگرەکان دەکرێ؟

:: PM:04:31:29/04/2020 ‌
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لەسەر گواستنەوەی شوێنی ئاڵوگۆڕی ئەو بارانەی كە لەبارهەڵگری ئێرانییەوە دێن و لە دەرەوەی دەروازەكەوە دەخرێنە بارهەڵگری عێراقییەوە بۆ ناو دەروازەی باشماخ، روونكردنەوە دەدەن و دووپات دەكەنەوە كە رێ‌ لە شۆفێری ئێرانی گیراوە بەریەككەوتنی هەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ی نیسان، موختار حاجی عەلی لێپرسراوی راگەیاندن و پێوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە "وشە"ی راگەیاند، سەبارەت بە دەنگۆیەك لەسەر گواستنەوەی شوێنی ئاڵوگۆڕپێكردنی ئەو بارانەی كە لەبارهەڵگری ئێرانییەوە دێن و دەخرێنە بارهەڵگری عێراقییەوە، لەدەرەوەی دەروازەكەوە بۆ ناو دەروازەی باشماخ، بۆ زانیاری هەموو لایەك لەسەر داواكاریی و پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ بە نووسراوی ژمارە (۲۳٦٤) لەبەرواری (۲۰۲۰/٤/٢٠) بە دیاری كردنی گۆڕەپانی كۆمپانیاكانی ڕۆژان.

گۆڕه‌پانه‌كه‌ له‌ژێر چاودێرییه‌
روونیشی كردەوە، هۆكاری دیاریكردنەكە پێوەندی بەوە هەیە كە  گۆڕەپان و كۆگاكانی كۆمپانیای ڕۆژان لەناو دەروازە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گومركی باشماخدایە و بەمەش لەلایەن بەشی پشكنین ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە ئاسانتر چاودێری بارەكان دەكرێت.

هەروە ئاماژەی بەوە كرد كە رێ لە شۆفێرانی ئێرانی دەگیرێت بچنە دەرەوەی دەروازەكە و تێكەڵ بە هاووڵاتیان ببن كە ئەمەیش بۆ كەمكردنەوەی مەترسی بەریەككەوتنی شۆفێرانی ئێرانی و هاووڵاتییانی پێنجوێنە، وەك خۆپارێزی لەپەتای كۆرۆنا.

دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لەچوار دەروازە نێودەڵەتیەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لەشارۆكەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانیەوە دوورە، لەماوەی كۆرۆنادا، تەنیا كاروباری بازرگانی لێوە دەكرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم