پەرلەمانتارێك: ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەن بە رێككەوتن پەنا بۆ دادگەی فیدراڵ دەبردرێت

:: PM:06:04:29/04/2020 ‌

لەوكاتەی چەند رۆژێكە ئەو بڕە پارەی وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە دەهات، بە پاساوی پابەند نەبوونی هەرێم بە رادەستكردنی نەوتەكەی بۆ بەغدا، لەلایەن ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕدرا، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق وردەكاریی بابەتەكە و ئاراستەی گفتوگۆكان روون دەكاتەوە.
مادەیەكی یاسای ئیدارەی مالی بە هەوەس لێكدانەوەی بۆ كراوە
ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بۆ "وشە"، روونی كردەوە، پێش چەند مانگێك و لە سەروبەندی داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەوە، شاندنی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد و ئەوكات مادەیەك لە پڕۆژەی بودجەی 2020 جێگیر كرا، بەوەی هەرێم پابەندی رادەستكردنەوەی نەوت دەبێت، بەرانبەر بەوە حكوومەتی عێراق مووچە و خەرجییەكانی هەرێم دابین دەكات، بۆیە هەردوولا رێككەوتن، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران پێش دەستلەكاركێشانەوەی.

زیاتر گوتی، بەپێی رێككەوتنەكە ئەو بابەتە كرایە مادەیەكی بودجەی 2020، بەڵام بەهۆی ئەو كێشانەی هاتنە پێش، وەك خۆپێشاندانەكان، كە حكوومەتی عێراق دەستی لەكار كێشایەوە، دواتر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، وایان كرد تا ئەوساتەیش پڕۆژەكە نەیەتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندكردنی، بۆیە ئەو رێككەوتنەی كرا راگیرا.

دلێمی روونی كردەوە، ئەمڕۆ بەهۆی یاسای ژمارە 27ی ئیدارەی مالی، ژمارەیەك پەرلەمانتار و ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژە دەكەن، بە پێی یاساكە بۆیان هەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕن، بەڵام ئەوان ئەو مادەیان بە هەوەسی خۆیان لێكداوەتەوە، بۆیە پێویستە دادگەی فیدراڵ ئەو مادەیە لێكبداتەوە، چونكە لەو مادەیە باسی نەوت نەكراوە، كەچی ئەوان لەسەر نەوت لێكیان داوەتەوە و جێبەجێیان كردووە.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی دووپاتی كردەوە، بۆیە شاندی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ شاندی بەغدا كۆبوونەتەوە، پێم وایە ئەوان دەگەن بە رێككەوتن بەوەی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكرێت، لیژنەیەكیش پێكدێنن بۆ ئەو مادەیە و لێكدانەوەی، ئەگەر پێیان نەكرا، ئەوكات پەنا بۆ دادگەی فیدراڵ دەبردرێت، بۆ لێكدانەوەی یاساكە.  

چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی ئەو نیوە مووچەیەی داوە كە مانگانە بە كوردستانی دەدا، ئەوە لە كاتێكدا لە یاسای بودجەی 2019 ئەوە جێگیر كراوە كە مووچەی كوردستان نەبەسترێتەوە بە هیچ كێشەیەكی سیاسییەوە، ئەمەیش یەكەمجار نییە و لە شوباتی 2014 بۆ ماوەی چوار ساڵ كۆی بودجەكەیان بڕی و بەردەوام بۆ سزادانی گەلی كوردستان، مووچە وەك كارتی سیاسیی و نەتەوەیی دژی كورد بەكار دێنن، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردن لە بەغدا لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، كە لەو دۆخەدا خۆشحاڵ دەردەكەون بە بڕینی مووچەی فەرانبەران.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل