“وشە” زانیاریی نوێ لەسەر مووچەی فەرمانبەران بڵاو دەکاتەوە

:: PM:02:37:30/04/2020 ‌
وەزیری دارایی عێراق واژووی لەسەر ناردنی پارەی فەرمانبەرانی هەرێم كردووە و تەنیا سەرۆك وەزیران ماوە بڕیار بدات. پەرلەمانتارێكیش رای دەگەیەنێ، چاوەڕوان دەكرێت پارەكە ڕەوانە بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی نیسان، موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ی راگەیاند، هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا، دوێنێ گەیشتوون بەوە چەند لیژنەیەك پێكبهێنرێت بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان.

حكوومەتی هەرێم دەبێ رێككەوتنی كۆنكرێتی لەگەڵ عێراق بكات

ئەوە پەرلەمانتارە گوتی، حكوومەتی عێراق جگە لە داهاتی نەوت، داوای داهاتەكانی تریش دەكات. دەیەوێ سەرجەم داهاتەكانی هەرێم بخاتە ژێر دەستی خۆی.

موسەنا ئەمین لەبارەی مووچە ئاماژەی بەوە دا، وەزیری دارایی واژووی لەسەر ناردنی مووچە كردووە، بەڵام سەرۆك وەزیران ماوە بڕیار بدات، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەكرێت پارەكە بگاتە هەرێم.

ئەوەیشی خستەڕوو، بۆ مانگی داهاتوو ئەگەر حكوومەتی نوێ پێكبهێنرێت، ئەوا حكوومەتی هەرێم دەبێ رێككەوتنی كۆنكرێتی لەگەڵ عێراق بكات.

چەند رۆژێكە بەغدا بڕیاری راگرتنی ئەو نیوه مووچەیەی داوە كە مانگانە بە كوردستانی دەدا، ئەوە لە كاتێكدایە لە یاسای بودجەی 2019 ئەوە جێگیر كراوە كە مووچەی كوردستان نەبەسترێتەوە بە هیچ كێشەیەكی سیاسییەوە، ئەمەیش یەكەمجار نییە و لە شوباتی 2014 بۆ ماوەی چوار ساڵ كۆی بودجەكەیان بڕی، بەردەوام بۆ سزادانی گەلی كوردستان مووچە وەك كارتی سیاسیی و نەتەوەیی دژی كورد بەكار دێنن، بەڵام ئەوەی زۆر جێی نیگەرانی خەڵكی كوردستانە، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردن لە بەغدا لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، لەو دۆخەدا خۆشحاڵ دەردەكەون بە بڕینی مووچەی فەرانبەران.



وشە - زریان تەها