لەبارەی راگەیاندنی 72 سەعات قەدەغەی هاتوچۆ لە هەولێر

:: PM:05:24:30/04/2020 ‌
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكەنەوە كە باس لەوە دەكات بۆماوەی 72 سەعات قەدەغەی ھاتوچۆی سەرانسەری لە هەولێر ڕادەگەینرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی نیسان، نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ئاگادەداریەكدا رای گەیاند، هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان دڵنیا دەكەینەوە هیچ بڕیارێك نییە بۆ تووندكردنی رێكارەكانی قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگای هەولێر و تا ئێستەش ھیچ شتێكی فەرمی لە بارەی قۆناغی داھاتووی قەدەغەی ھاتوچۆ بڵاو نەكراوە.

 قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە وەك خۆی 
هەروەها نووسینگەكە، دەنگۆی داخستنی بازاڕەكانیش بۆ ماوەی 72 سەعاتی بە دوور لە راستی زانیوە.

لای خۆیەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ "وشە" گوتی، هێشتا كات ماوە بۆ ئەوەی رێكاری نوێ‌ بۆ قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنرێ‌، بەڵام ئەوانەی لەبارەی توندوتۆڵكردنی قەدەغەی هاتوچۆ دەگوترێ‌ دوورە لە راستی.

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتی، لە چەند سەعاتی داهاتوو رێككارە نوێییەكان رادەگەیەنرێ‌ و پێدەچێ‌ قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە وەك خۆی بمێنێتەوە.

ئەو دەنگۆیانە لەوەوە سەرچاوەی گرت كە لەچەند سەعاتی رابردوو چەند حاڵەتێكی كۆرۆنا لە سنووری سۆران و هەولێر تۆمار كران.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم