شاندی هەرێم لەگەڵ عەبدولمەهدی و کازمی کۆبوونەوە

:: PM:04:22:01/05/2020 ‌
ماوه‌ى سێ ڕۆژه‌ شاندی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی‌ مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ به‌غدایان كردووه‌، كۆبوونه‌وه‌كانیان شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانى به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان به‌رده‌وامه‌.

چارەسەرێكی یاسایی گونجاوی ڕیشەیی ده‌دۆزرێتەوە بۆ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا
ئه‌مڕۆ هه‌ینى یه‌كى ئایار، سەمیر هەورامی گوتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندى هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی بەجیا لەگەڵ مستەفا كازمی و عادل عەبدولمەهدی كۆبوونەتەوە".

زیاتر گوتى، "له‌ هەردوو كۆبونەوەكە گفتوگۆ لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد كرا، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە چارەسەرێكی یاسایی گونجاوی ڕیشەیی بدۆزرێتەوە بۆ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا".

ڕوونى كرده‌وه‌، "دواتر شاندی حكوومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی هەیسەم جبوری، لەبارەی كێشە داراییە كەڵەكەبووەكانی بەغدا و هەولێر كۆبوونەوە."

ئاشكراى كرد، "لە كۆبوونەوەكەدا شاندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆك و هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، كۆمەڵێك ڕاسپاردە و پێشنیاریان گەڵاڵە كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەت ئەوانەی پێوەستن بە نەوت و پشكی هەرێم لە یاسای بوودجەی 2019 دا، هەروەها رێوشوێنەكانی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ساڵی دارایی 2020 تاوتوێكرا."

"بڕیاردرا لەمەولا هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەنێوان حكوومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی لەقۆناغەكانی داهاتوودا بتوانن لەو كاتانەی پێویستە كاری هاوبەشی زیاتر بكەن و كەموكوڕییەكان چارەسەربكەن." هەورامی گوتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیران واى گوت.

چه‌ند رۆژێكه‌ به‌غدا بڕیاری راگرتنی ئه‌و نیوه مووچه‌یه‌ی داوه‌ كه‌ مانگانه‌ به‌ كوردستانی ده‌دا، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا له‌ یاسای بودجه‌ی 2019 ئه‌وه‌ جێگیر كراوه‌ كه‌ مووچه‌ی كوردستان نه‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسییه‌وه‌، ئه‌مه‌یش یه‌كه‌مجار نییه‌ و له‌ شوباتی 2014 بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ كۆی بودجه‌كه‌یان بڕی و به‌رده‌وام بۆ سزادانی گه‌لی كوردستان مووچه‌ وه‌ك كارتی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی دژی كورد به‌كار دێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر جێی نیگه‌رانی خه‌ڵكی كوردستانه‌، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كوردن له‌ به‌غدا له‌ فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ی نوێ، كه‌ له‌و دۆخه‌دا خۆشحاڵ ده‌رده‌كه‌ون به‌ بڕینی مووچه‌ی فه‌رانبه‌ران.


وشە - محەمەد میران