ڕوونكردنەوە لەسەر بڕیاری نوێی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل درا

:: AM:10:42:02/05/2020 ‌
بەرپرسێكی هاوردە و ناردنكاران ئاشكرای دەكات، هیچ بڕیارێكی نوێ‌ لەسەر هێنانی ئۆتۆمبێل دەرنەچووە.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێری هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەبارەی هاوردەی ئۆتۆمبێل هیچ نووسراوێكی نوێمان بۆ نەهاتووە.

سەرۆكی لقی هەولێر گوتی، تا ئێستە هیچ بڕیارێك نییە لەسەر هێنانی ئۆتۆمبێل، بڕیاریش بۆ یەكێتییەكەمان نەهاتووە.

بڕیارێك نییە لەسەر هێنانی ئۆتۆمبێل، بڕیاریش بۆ یەكێتییەكەمان نەهاتووە 
بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم چالاكییەكانی ڕاگرت و لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەنیا ڕێی بە هێنانی كەلوپەلی پزیشكی و خۆراك دا.

هەفتەی ڕابردوو لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویان كردەوە، حكوومەت بەردەوام دەبێت لە هاوردەكردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكانی وەك خواردن و پێداویستی پزیشكی، حكوومەت هاوردەی زۆر بەرهەم ڕادەگرێت و لەم کاتەدا گرنگی بە بوارەكانی پزیشکی و خۆراک دەدات.

لیژنەی دارایی عێراق باسیان لەوە كردبوو كە هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ سەرانسەری عێراق ڕاگیراوە تا بڕیاری نوێ‌ دەردەچێت.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە، عێراق بە قۆناغێكی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت و لەكاتێكدا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە مانگێكدا، حەوت ترلیۆن و 500 ملیار دیناری پێویستە، بەڵام ئێستە تەنیا یەك ترلیۆن و 500 ملیار دیناری دەست دەكەوێت كە ئەوەیش تووشی تەنگژەیەكی سەختی كردووە.



وشە - رامیار جەواد