300 تیرۆریستی دا‌عش دزەیان كردووەتە سنووری شنگال

:: PM:01:02:02/05/2020 ‌

چەكدارانی تیرۆریستی داعش خەریكن خۆیان رێك دەخەنەوە و رۆژ بە رۆژ ژمارەی زیاتریان روو لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەرپرسیكی ئیدارەی شنگالیش لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارەساتەی لە 2014 بەسەر ئێزیدییەكاندا هات هۆشداری دەدات.

مەحما خەلیل  قایمقامی شنگال بۆ "وشە" گوتی ، جموجووڵی داعش لە سنووری شارۆكەی شنگال زۆر زیادی كردووە و زیاتر له ‌300 چەكداری داعش لە سووریاوە دزەیان كردووە بۆ ناو سنووری شنگال، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە سنوورەكان پارێزراو نین و داعش بەئارەزووی خۆی هاتوچۆ دەكات.

ئەو بە پێویستی دەزانێت بەر لەوەی ئەو تیرۆریستانە هەمان كارەساتی ساڵی 2014 بەسە ئێزیدییەكاندا بهێنن، پێشیان بگیرێت.

وەك قایمقامی  شنگال خستیەڕوو، لایەنە پێوەندیدارەكانیان ئاگادار كردووەتەوە كە مەترسییەكی رژد لەسەر شنگال هەیە و دووبارە داعش لە سنووری شنگال دەستی بەجموجووڵ كردووە  و رۆژ بە رۆژیش ژمارەیان زیاد دەكات.

بەگوتەی مە‌حما خەلیل هێزە تەناهییەكان توانای پاراستنی ناوچەكەیان نییە، بۆیەش داوا دەكات سنوورەكان باشتر كۆنترۆڵ بكرێن  و بابەتەكە بە رژدی وەربگیرێت.
حكوومەتی عێراقیش لەجیاتی ئەوەی رێگرییان لێ بكات، هاوكاری كەسوكار و خێزانەكانی داعش دەكات

ئەوەی ئاشكرایە داعش بوونی لە سنووری شنگال هەیە و حكوومەتی عێراقیش لەجیاتی ئەوەی رێگرییان لێ بكات، هاوكاری كەسوكار و خێزانەكانی داعش دەكات كە دەستیان بە خوێنی كوردانی ئێزیدی سوور بووە و لە گوندەكانی سنووری شنگال نیشتەجێ كراون.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم




وشە - سلێمان تاشان