جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: هیچ كەس بۆی نییە لە جیاتی هەڵەبجە بڕیاری لامەرکەزی بدات

:: PM:05:15:02/05/2020 ‌

پاش ئەوەی تاقمێك لەناو یەكێتیی لە پارێزگای سلێمانی باسی لە سیستەمی لامەركەزی كرد قسە هەیە پارێزگای هەڵەبجەش بڕواتە چوارچێوەی سیستەمی لامەركەزی سلێمانی، بەڵام جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێ، هیچ كەس بۆی نییە لە جیاتی هەڵەبجە بڕیار بدات.

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ئەگەر باس لەسەر سیستەمی لامەركەزی بكرێت وەك خۆم لەگەڵ سیستەمی لامەركەزیم بەڵام جارێ دەبێت سیستەمێكی باش بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان دابنرێت ئەوكات باسی سیستەمەكانی تری بەڕێوەبردنی وڵات بكەین."

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، هەڵەبجە سەرباری ئەوەی 50% لە دامەزراوەكانی بۆ دروست نەكراوە وەك پارێزگا هێشتا ئەنجوومەنی پارێزگای نییە و كەسیش ناتوانێت لە دەرەوەی هەڵەبجە بڕیار لەسەر چارەنووسی پارێزگاكە بدات.
هەركاتێك هەڵەبجە ئەنجوومەنی پارێزگای هەبوو ئەوكات ئەنجوومەنەكە‌ دەتوانێت بڕیار بدات

وەك زیاتر خستیەڕوو هەركاتێك هەڵەبجە ئەنجوومەنی پارێزگای هەبوو ئەوكات ئەنجوومەنەكە‌ دەتوانێت بڕیار بدات ، چ سیستەمێكی دەبێت هیچ كەسێك بۆی نییە لە دەرەوە لە جیاتی هەڵەبجە بڕیار بدات نە سلێمانی و نە هەولێر.

ئەو بە پێویستی دەزانێت هەرێمی كوردستان سیستەمی تەواو دیاریكراوی هەبێت ولە سیستەمی مەركەزی و لامەركەزییش دەبێت بڕیار و یاساكانی پەرلەمان بڕواتە بواری جێبەجێ كردنەوە و هیچ كەس بۆی نەبێت لەخۆیەوە بڕیاربدات.

پێشتر "وشە" ئاشكرای كردبوو كە ئەو تاقمەی ناو یەكێتی كە پرسی لامەركەزی باس دەكەن جگە لە دوو ئیدارەی مەبەستیان تێكدانی دۆخی كوردستانە.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - سلێمان تاشان