سەحەر عەبدوڵا دەروێش ناسراو به سه‌حه‌ر به‌دری 37/ ساڵ/ له‌دایكبووی گه‌رمیان و نیشته‌جێی ئه‌لمانیاییە، ساڵی 2013 وەک شاجوانی كه‌سایه‌تیی کوردستان هەڵبژێردرا، له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ "وشه" باس له هۆکاری به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ناسناوه ده‌كات و دەڵێ: لە چاوی لیژنەکەدا خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز بووم بۆیە ئەم ناسناوەم پێ درا.
سه‌حه‌ر به‌دری كێیه؟
کچه شەهیدێكی گه‌رمیانیم و نزیكه‌ی 20 ساڵه دانیشتووی ئەڵمانیام، هه‌رچه‌نده زۆر حەز دەکەم لە کوردستان بژیم و لە بواری سینەمایی و هونەریدا خزمەت بە خاک و وڵاتی خۆم بکەم، بەڵام لەبەر هۆکاری تایبەت بە خۆمان کۆچمان بۆ ئەڵمانیا کردووە.
لە چاوی لیژنەکەدا خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز بووم
تا ئێسته به‌شداریی هیچ پڕۆژه‌یه‌كی سینه‌ماییت كردووه؟
به‌ڵێ، دوای بەدەستهێنانی ناسناوی شاجوانی كه‌سایه‌تی 2013ـی كوردستان، ڕووم کردە سینەما و به‌شداریم لە دوو فیلمی سینەمایی و چەند کورتە ڕێکلامێک کردووە، یه‌كه‌م فیلم به ناوی "بێتار" لە دەرهێنانی جەمیل ڕۆستەمیی دەرهێنەری کورد بوو، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس له شەڕی پێشمەرگە دژ بە تیرۆرستانی داعش ده‌كات، منیش ڕۆڵی سه‌ره‌كیم وه‌ك كچه ئه‌نفالێك تێدا گێڕا.
چ هۆکارێک پاڵنه‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی دوای ناسناوەکە ڕوو له سینه‌ما بكه‌یت؟
کاتێک سەیری ڕۆڵەکەم کرد و سیناریۆکەیم خوێندەوە، ڕۆڵی ئەو کچەم لە خۆمدا بەرجەستە دەکرد، هەمان تراژیدیای ژیانی من لەو ڕۆڵە دەبینرا، بۆیە بڕیارم دا بەشداری بکەم، فیلمه‌كه هەموو بەشەکانی تەواو بووە و تەنها ماوە نمایش بکرێ و بەشداریی ڤێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان بکات، بەڵام به‌داخه‌وه لەبەر ڤایرۆسی کۆڕۆنا و وەستانی ژیان لەهەموو بوارێک، نمایشی ئەو فیلمەش وەستێنراوە.
جگه له‌و فیلمە، هیچ پڕۆژه‌ی ترتان بۆ ئاینده هه‌یه؟
بەڵێ، دوو پڕۆژەی ترم لەبەردەستە، بەڵام دوای چارەسەربوونی کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی، بڕیاری لەسەر دەدەم.
چۆن و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ناسناوی شاجوانی كه‌سایه‌تیی ساڵت لە 2013 پێ درا؟
ناسناوەکەم لەسەر بنەما و تایبەتمەندیی کەسایەتی بەدەست هێنا، چونکە بە بڕوا و لە چاوی دادوەرانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی شاجواندا، خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بووم.
له‌و ماوه‌یه‌ی كه هه‌ڵگری ناسناوەکە بوویت، هیچ پڕۆژه‌یه‌كت ئه‌نجام دا؟
زۆر پڕۆژەم ئەنجام دا و پێم خۆش نییە بە ژمارە ناوی پڕۆژەکان بێنم، بەڵام هەندێکیان وەک نمونە، لەکاتی شەڕی پێشمەرگە دژ بە تیرۆرستانی داعش هاوکاری و کۆمەکم بۆ برا پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ كۆ كرده‌وه، هەروەها هاوکاری و شتومەکم بۆ منداڵە ئاوارەکانی کەمپەکانی کوردستان كۆ كرده‌وه، هاوكات لە نەخۆشخانەی هیوای شاری سلێمانیش بە سپۆنسەری هەندێك خێرخواز هاوکاریمان پێشکەش کرد.
له دوای تۆ هیچ که‌سی تر بووه هه‌ڵگری ئه‌م ناسناوە بێت؟
نەخێر، تا ئێسته‌ش هەر خۆم تاجی شاجوانی کەسایەتیی کوردستانم لەسەرە و شانازیشی پێوە دەکەم.
له خانه‌واده‌كه‌ت چه‌ند كه‌س ئه‌نفال كراون؟
باوكم شه‌هید بووه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن كه به‌ر شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال كه‌وتووه، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆری بنه‌ماڵه و خێزانه‌كه‌مان ئه‌نفالن، ئەو کاتەی باوکیشم شەهید بوو تەمەنم چوار ساڵ بووە.
په‌یام و خه‌ون و ئامانجت له كۆتاییدا چییه؟
پەیامم بۆ هەموو لاوانی وڵاتەکەم ئەوەیە، چۆک بۆ هیچ شتێك دانەدەن و خۆڕاگر بن، هەوڵ بۆ ئامانجەکانیان بدەن؛ خەونیشم سەربەخۆیی کوردستان و وڵاتی سەربەخۆی کوردە، ئامانجیشم تەواوکردنی ئەو پەرتوکەی بەردەستمە کە خەریکی نووسینیم لەسەر ژیانی خۆم، پەنا بە خودا لە داهاتوو دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال