پەرلەمانتارێكی كورد: كێشەمان لەگەڵ كازمی نییە و هەمان وەزارەتەكانی خۆمان وەرگرتووە

:: PM:06:31:03/05/2020 ‌

لەوكاتەی لە دوا وادەی دەستووری پێویست بۆ پێكهێنانی حكوومەتی مستەفا كازمی، نزیك دەبینەوە و هەموو شتێك ئامادەیە لە بەرنامەی حكوومەت و لیستی ناوی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتنی پەرلەمانتارانی بۆ بەغدا كردووە، بەڵام هەمووان چاوەڕوانی سوپرایزی دوا ساتەكان دەكەن، پەرلەمانتارێكی كورد هەڵوێستی كورد و ئەگەرەكانی بەردەم كازمی ئاشكرا دەكات.
تەنیا وەزارەتی دارایی بەتاڵە كە تا ئێستە كاندیدی دیاری نەكراوە
هەندرێن لەزگین، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستەیش مشتومڕ لەلایەن هێزە شیعەكان لەبارەی پاڵپشتیكردن و نەكردن لە مستەفا كازمی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، بەردەوامە، ئەو بابەتە پێوەستە بە ناو ماڵی شیعە، دەبێت خۆیان سازان و رێككەوتنی لەسەر بكەن، وەك فراكسیۆنی پارتی یان پێكهاتەی كوردستانی لەگەڵ سازان و رێككەوتنی ئەوانین.

زیاتر گوتی، وەك كورد بە بەردەوام داواكاری تێگەیشتنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە لە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان و بە پێی سازانی ناوخۆیی شیعە و پێكهاتەكانیش هاتبێت، بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت، هەرێم بەشێكە و هاوبەشە لە عێراق و بە پێی پرەنسیپەكانی هاوسەنگی و تەوافوق و هاوبەشی لێرەین، ئەو مشتومڕەی لەوە بەدەر هەیە لە نێوان خۆیانە.

لەزگین روونی كردەوە، كورد مافی هەڵبژاردن و ژمارەی كوردسییەكانی دیارە و كەس ناتوانێت دەستیان بۆ ببات، بۆیە ئەگەر كاندیدی سەرۆك وەزیران لە تایبەتمەندی و كێشەكانی هەرێم تێ نەگات و بە هاوبەشی نەزانێت و مافەكانی دەستووری و هەڵبژاردنی بۆ فەراهەم نەكات، ئەو كەسە بەكەڵك نایەت ببێتە سەرۆك وەزیران، نموونەیش هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە هەمان وەزارەتەكانی كابینەی پێشتر ئەمجارەیش بە كورد دراوەتەوە، كێشەكە ئەوە بوو كە هەمان وەزیرەكان بمێنن یان نا، ئەوەیش وا بزانم كێشەیەكی گەورە نییە و كورد زۆر كەسایەتی بەتوانای هەیە، تەنانەت وەزیرانی پێشوویش، بە شایەتی زۆرێك لە پێكهاتەكان لە وەزیرانی كابینەی عەبدولمەهدی لێهاتووتر بوون، بۆیە كازمی هەرسێ وەزارەتی بە كورد داوەتەوە كە كورد خۆی وەزیرانی دیاری بكات، تەنیا وەزارەتی دارایی بەتاڵە كە تا ئێستە كاندیدی دیاری نەكراوە، جا یان دكتۆر فوئاد حوسێن دەستبەكار دەبێتەوە، یان كەسێكی تر، تەنیا ئەوە ماوە، بۆیە كورد هەمان مافی خۆی وەرگرتووە.

"كۆتای ئەم هەفتەیە وادەی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت تەواو دەبێت، هەینی یان شەموو تەواو دەبێت، پێویستە تا ئەوكاتە یەكلا ببێتەوە، تا دوێنێ یەكلا بووبوونەوە، كەچی ئەمڕۆ هەڵوێستی نوێی ناڕەزایەتی هەیە، سەبارەت بە كاندیدانی كابینەی كازمی، چەند رۆژێك مایە و سبەی یان دوو سبەی دەچنە بەغدا و ئەوەی ماوە دەمێنێتەوە سەر سازانی شیعە خۆیان، ئەگەر پێكهاتن حكوومەتی تێپەڕ دەبێت و ئەگەر نا زەحمەتە دەرباز ببێت"، هەندرێن لەزگین وای گوت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل