حكوومەت 750 ملیۆن دۆلار قەرز وەردەگرێتەوە و دەیداتە مووچە

:: PM:08:01:04/05/2020 ‌
گوتەبێژی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان 750 ملیۆن دۆلاری لای بازرگانانە و دەست بە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە دەكات بۆ ئەوەی مووچەی پێ دابین بكات.

یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان بۆ "وشە"  گوتی، حكوومەت دەستی بەچاكسازیی كردووە و بڕیاری داوە ئەوپارەی وەكو قەرز لای بازرگانانە كە 750ملیۆن دۆلارە وەریگرێتەوە، چونكە سێ مانگ مۆڵەتی پێ دابوون پارەكەیان نەگەراندەوە، بۆیە لەرێگەی ئەنجامدانی رێكاری پێویست قەرزەكان وەردەگرێتەوە.

قەرزار هەیە 250 ملیۆن دۆلاری لایە
روونیشی كردەوە، حكوومەت ئەو قەرزەی وەردەگرێتەوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانە، چونكە قەرزار هەیە 250 ملیۆن دۆلاری لایە، بۆیە ئەو هەنگاوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و پێویستیشە لەم كاتەدا.

لای خۆیەوە پشتیوان سمكۆ  گوتەبێژی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان  بۆ "وشە" گوتی، چاوەرێ دەكەین ئەنجوومەنی وەزیران نووسراومان بۆ رەوانە بكات بۆ ئەوەی رێكاری پێویست بگرینە بەر و هەركاتێك حكوومەت داوای لێ كردین ئێمەش دەست بە ئەنجامدانی رێكاری پێویست دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو قەرزەی حكوومەت لای بازرگانان هەیەتی وەرگرن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند ڕۆژی رابردوو بڕیاریدا ئەو پارەی كە لەبەردەستییەتی وەك مووچە بەسەر فەرمانبەرانی دابەش بكات و ئەوەیش بە هەنگاوێكی گرنگی حكوومەت دانرا.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم


وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 76089 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌