"لامەركەزی سلێمانی سوودی قاچاخچییەكانی تێدایە"

:: PM:08:39:04/05/2020 ‌

پرسی لامەركەزیی كارگێڕیی پارێزگاكان یەكێكە لە بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەبڕوای چاودێران ئەوانەی لە سلێمانی بانگەشەی لامەركەزی دەكەن، لەپشت قاچاخچێتێ‌ و هێنانی هێلكەی بێبەروار و دووگی بەستووی حەیوانەوەن.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سرووشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە خاڵە سنوورییەكانەوە قاچاخچێتی و هێنانی باری هێلكەی بێبەروار و دوگی بەستووی حەیوان بەردەوامە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگرییەك هەبێت، "ئێستە ئەوانەی لەپشت ئەو كارانەن بانگەشەی لامەركەزی سلێمانی دەكەن".

روونیشی كردەوە، ئەگەر لە ماركێتێك دوو پارچە پسكیتی بەسەرچوو بگیرێت، ئەوا لیژنەی لەسەر دروست دەكرێت، بەڵام ئەو دەیان بارە قاچاخەی لە سنوورەكانەوە دێت ئەگەر بەرپرسی باڵایان لە پشت نەبێت ناتوانرێت تێپەڕێندرێت.

هەروەك باسی لەوە كرد، رەنگە سوودی قاچاخچییەكان لەوەدابێ‌ كە سلێمانی ببێت بە لامەركەزی.

لای خۆیەوە نەزاكەت حسێن مامۆستای زانكۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە پرسی لامەركەزیەتدا سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی قەوارەی كوردستان لەپێش هەموو شتێكەوە، بۆیە لە چوارچێوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەرچی بكرێت بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری سەقامگیری هاووڵاتییان كارێكی باشە. 

ئەوانەی ئێستە بانگەشەی لامەرکەزیەت دەکەن هەر خۆیان لە پشت هێنانی باری قاچاخەوەن

زیاتر گوتی، ئەگەر ئەو لامەركەزیەتەی بانگەشەی بۆ دەكرێت مەبەست لێی دابڕاندنی پارێزگایەك یان ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بێت، ئەوە كارەساتی گەورەی لێدەكەوێتەوە و قەوارەكەمان دەكەوێتە مەترسییەوە.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاشكراشی كرد، پرسی لامەركەزی دەبێت بەهاوئاهەنگی لایەنەكان و لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی وەزیراندا بێت، لەمە بترازێت نەك خزمەت ناكات، بەڵكو كارەساتی لێ دەكەوێتەوە.

چەند ڕۆژێكە لەلایەن تاقمێكی ناو یەكێتییەوە پرسی لامەركەزییەت باس دەكرێ‌، بەڵام لە كۆبوونەوەی حكوومەتی هەرێم دووپات كرایەوە كە دەبێ‌ لامەركەزی لەژێر بڕیاری حكوومەت بێ‌ و هەموو هەوڵێكی دوو ئیدارەیی رەت دەكرێتەوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان