كازمی داوای كردووە سەرەخۆشی لێ بكەن

:: AM:09:02:05/05/2020 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو لەگەڵ كازمی كۆ بووینەوە و پێی ڕاگەیاندین كە پابەندی ڕێككەوتنەكانی پێشوو دەبێت و پێویستە بۆ بوونی بەسەرۆكی حكوومەتیش، سەرەخۆشی لێ بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، شەوی ڕابردوو لە بەغدا لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێك چاومان كەوت بە مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت .

كازمی گوتی بەرنامەی حكوومەتم باشتر كردووە و باسی هەرێمم تێدا داناوە 
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونی كردووەتەوە، لەگەڵ كازمی باسی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچە و بودجە و مافی جووتیاران و ناوچەكانی مادەی 140 و نائارامی و هەڵبژاردنی ئایندە و پارێزگای هەڵەبجە و تەواوكردنی پارێزگابوونی كردووە.

باسی لەوەش كردووە، كازمی گوتی بەرنامەی حكوومەتم باشتر كردووە و باسی هەرێمم تێدا داناوە كە كاتی خۆی هەبوو، بەڵام زۆر كورت كرایەوە، هەروەها رێز لە ماف و رێككەوتنەكانی پێشوو دەگرم.
  
ئەوەشی ئاشكرا كردووە، كازمی پێی گوتوون، كێشەكانی عێراق ئەوەندە زۆرن، سەرەخۆشیم دەوێت نەك پیرۆزبایی دوای بوونم بەسەرۆكی حكوومەت.

بڕیارە ئەم هەفتەیە حكوومەتەكەی كازمی ڕابگەیەنرێت و لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران متمانە وەربگرێت.



وشە - رامیار جەواد