"پرۆسەی خوێندنی ساڵی داهاتوو زووتر دەست پێ دەكات"

:: PM:02:30:06/05/2020 ‌
كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پلانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دەست پێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی ئایار، زریان تەها نێردراوی "وشە" لە پەرلەمانی كوردستان پێی راگەیاندین، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دەست پێكردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ بەردەوامە و هەردوو وەزیر روونكردنەوە و پلانی خۆیان خستووەتە ڕوو.

دەبێ‌ وەرزی پایز خوێندن زووتر دەست پێ بكات
بەگوێرەی قسەی نێردراومان، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانی بۆ خوێندنی ساڵی داهاتوویش داناوە و مەترسیی خۆی پێشان داوە ئەگەر ئەگەرێك بۆ شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا هەبێ‌، دەبێ‌ وەرزی پایز خوێندن زووتر دەست پێ بكات.

لەلایەكی ترەوە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، بەهیچ  شێوەیەك دەرگای قوتابخانەكان ناكرێنەوە تەنیا بۆ تاقیكردنەوە نەبێت. بەڵام هیچ وادەیەكی بۆ تاقیكردنەوەكان دیاری نەكرد.

هەروەها د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رای گەیاند، شەش هەفتەی خوێندن  فەوتاوە، بەڵام خۆێندنی ئەمساڵ لە فەوتان رزگار دەكەین.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم