قوتابیانی كۆتا قۆناغەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان ڕەخنە لە ئارایشتگاكان دەگرن لە بەرانبەر ئەوەی كە پارەی پێشەكی ناو تۆماركردنیان بۆ ناگەڕێننەوە كە بۆ ڕازاندنەوەیان بۆ ڕۆژی ئاهەنگی دەرچوونەكانیان بە ئارایشتگاكانیاندابوو.
ساڵانە ئاهەنگی دەرچوون بۆ خوێندكارانی قۆناغە كۆتاكانی زانكۆ و پەیمانگاكان ڕێكدەخرێت، خوێندكارانیش دەیانەوێت لەو ڕۆژەدا بە شێوازێكی جوان و ڕازاوە دەربكەون، بۆیە لە ئارایشتگا و سەرتاشخانەكان ناویان تۆمار دەكەن و بڕێك پارە وەك پێشەكی دادەنێن، بەڵام بەشێك لە ئارایشتگاكان ئامادەنین ئەو بڕە پارەیە بۆ خوێندكاران بگەڕێننەوە.
تریفە تۆفیق خوێندكارێكی دوا قۆناغی زانكۆیە و بۆ ڕۆژی ئاهەنگی دەرچوونەكەی ئارایشتگایەكی دیاریكربوو، بۆیە پێشەكی دابوو بە ئارایشتگاكە و لەمبارەیەوە بۆ "وشە" گوتی، من لە ڕۆژی حەوتی مانگی نیسان، ئاھەنگی دەرچوونم بوو بۆ ئاھەنگی دەرچوونەكەم بۆ ئەوەی بە ڕازاوەی دەربكەوم بڕیارمدا بچمە یەكێك لە ئارێشگا بەناوبانگەكانی سلێمانی دوای ئەوەی سەردانم كردن بڕیاربوو بە 200 دۆلار ئارایشتم بۆ بكەن، بەڵام پێشەكی ھەموو پارەكەیان لێوەرگرتم و دواتر بەھۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە خوێندن و ئاھەنگی دەرچوون لە سەرجەم زانكۆكان وەستا و ئێستە ئارێتشگاكە ئامادە نییە پارەكەم بداتەوە.
بۆ زانینی هۆکاری ئەوەی کە بۆچی ئارایشتگاکان بڕی پێشەکی ناو تۆمارکردنەکان نادەنەوە بە خوێندکاران، بەڵام ئامادە نەبوون قسە بکەن
كاڵێ فەرهاد كچە خوێندكارێكی ترە و لە زانكۆی كۆمار دەخوێنێت بە "وشە" ڕاگەیاند، بڕیاربوو 16ی مانگی ڕابردوو ئاھەنگی دەرچوونم بێت، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو خۆشییە بێبەشی كردین و ئاهەنگی دەرچوون نەكرا، بەڵام ئەو ئارێشگایەی خۆمم لێ ناونووس كردبوو بڕیاربوو بە 200 ھەزار دیناری عێراقی كارەكەم بۆ بكەن و لەبەرانبەر ناو نووسینەكەشدا 95 ھەزاریان لێوەرگرتم، بەڵام ئاھەنگی دەرچوون ڕاگیرا و ھەم لە خۆشی ئاھەنگەكە بە دوور بووین ھەم پارەكەمان فەوتا، چونكە ئارێشگاكە ئامادە نییە پارەكەمان بداتەوە، هەرچەندە پێوەندیشم پێوەكردن، بەڵام گوتیان ئێمە پارە ناگەڕێنینەوە بۆ كەس.
لای خۆیەوە شێنێ محەمەد، خاوەنی یەكێكە لە ئارایشتگاكانی سلێمانی و بۆ ئاهەنگی دەرچوون كۆمەڵێك خوێندكاری قۆناغی كۆتایی زانكۆ و پەیمانگاكان ناویان لای تۆمار كردووە، تا لە ڕۆژی ئاهەنگەكەیاندا بەشێوەیەكی ڕازاوە دەربكەون، بەڵام بە هۆی كۆرۆناوە ئاهەنگی دەرچوون نەكرا، شێنێ بۆ "وشە" گوتی، لای من 28 كەس ناوی نووسیبوو، شەش كچیانم ھەر بێ بەرانبەر وەرگرتبوو، چونكە توانای مادیان باش نەبوو، بەڵام 22 كچەكەی تر بڕیاربوو بە ڕازاندنەوەی قژو مەیكەپ تەنیا 50 ھەزار بۆیان بكەم كە پێشەكی 30 ھەزارم لێوەرگرتن، بەڵام كاتێك ئاهەنگی دەرچوون نەكرا، پێوەندیم بە كچەكان كردەووە و پارەكەم بۆ گەڕاندوونەتەوە.
بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و بۆ پاراستنی تەندروستی ئەمساڵ ئاهەنگی دەرچوون لە زانكۆكانی كوردستان ئەنجام نەدرا.
سلێمانی/ لۆڤە محەمەد