"ناكرێ لایەنێك پۆستی زیاتری لە حكوومەت پێی نەدرێت خۆی لە بەرپرسیاریەتی بدزێتەوە"

:: PM:11:25:11/05/2020 ‌

چەند ئەندامێكی فراكسیۆنەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق، دەیانەوێ بە رەخنەگرتن لە پارتی دیموكراتی كوردستان، خۆیان دەربخەن، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت، ناكرێ ئەو حزبانەی لە حكوومەتدان، كەی ویستیان خۆیان لە بەرپرسیاریەتی بدزنەوە.
بەپێی ژمارەی كورسییەكان ماف بە هەموو لایەنێك دراوە
لە ماوەی دوایی چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی بە ئاراستەی خواستی باڵێكی دەستڕۆیشتووی ناو حزبەكە، دەستیان داوەتە رەخنەگرتن لە حكوومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەیش دوای ئەو سەركەوتنە گەورەی حكوومەتی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە دەستی هێناوە.

زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ دووشەم 11ی ئایار، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، رێككەوتنی سیاسیمان هەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەوان داوای بەشداری راستەقینەیان كردووە، بۆیە بە پێی ژمارەی كورسییەكان مافی خۆیان پێ دراوە.

زیاتر گوتی، لە سەردەمی شەڕی داعش لەسەر دەستی تاقمێكی ناو یەكێتی، داوا لە بەغدا كرا بودجەی هەرێم ببڕدرێت، ئێستە خێرە ئەوەیش دەخەنە سەر پارتی و حكوومەتی هەرێم.

بە گوتەی مەلا خالید، ناكرێ لایەنێك بەهۆی ئەوەی داوای لە قەبارەی خۆی زیاتر لە پۆستەكانی حكوومەتی هەرێم دەكات و پێی نادرێت، خۆی لە بەرپرسیاریەتی بدزێتەوە، چونكە حكوومەتی هەرێم هی هەموو هاووڵاتییانی كوردستانە و بەپێی ژمارەی كورسییەكان ماف بە هەموو لایەنێك دراوە.

دووپاتی كردەوە، ئەوەی یەكێتی داوای دەكات گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی پەنجا بە پەنجا، ئەمەیش دژی دیموكراسییەت و بنەماكانی هەڵبژاردنە.

لە پاڵ داواكاری پرسی لامەركەزیدا، چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێكی یەكێتی بە نەفەسی شەڕی ناوخۆ لێدوان دەدەن، ئەمەیش بە زیانی یەكڕیزی لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان شكاوەتەوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل