ئه‌وه‌ی تا ئێسته باسی لێوه ده‌كرێ و زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان و میدیاكان پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه، بریتییه له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا به ڕژدی هاتوونه‌ته ناو پرۆسه‌ی دانوستاندن و نێوه‌ندگیری ئه‌نه‌كه‌سه و په‌یه‌ده بۆ ئه‌وه‌ی كورد یه‌كڕیز و یه‌كگوتار بكه‌ن له ڕۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام بۆچی ئه‌م كاره ده‌كه‌ن و پلانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ كوردانی ڕۆژئاوا چییه.
ڕۆژنامه‌ی "یه‌نی شه‌فه‌ق"ی توركی له‌وباره‌وه ڕاپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه پێگه‌ی "
عربی 21" وه‌ری گرتووه و به عه‌ره‌بی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، تێیدا هاتووه: كه هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا كار ده‌كه‌ن بۆ نێوه‌ندگیری له نێوان هه‌ردوو به‌ره ناكۆكه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره هێزێكی سیاسی و چه‌كداری یه‌كگرتوو له ڕۆژئاوای كوردستان دروست بكه‌ن.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌كه گوتوویانه، كه نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا سه‌ره‌تا داوایان له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه، كه پشتیوانی سه‌ره‌كی ئه‌نه‌كه‌سه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به نێوه‌ندگیری بكه‌ن و به هاوبه‌شی و به‌شداری ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا كورد له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا یه‌كبخه‌ن.
نوێنه‌رانی ئه‌و دوو وڵاته‌یش به ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه"یان ڕاگه‌یاندووه، كه ئه‌گه‌ر له ئیئتلافی نیشتمانی سووریا نه‌كشێنه‌وه، ئه‌وا به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ك نوێنه‌ری كورد چیتر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، چونكه ئه‌و ڕه‌وته یه‌كگرتوو و یه‌كڕیزه‌ی كورد له دوای دانوستاندنه‌كان به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا دروست ده‌كرێ، وه‌ك نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی كورد داده‌نرێن و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
هه‌نگاوی ڕژدی ئێسته پێكهاتن و دروستكردنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌شه
له به‌شێكی تری ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌كه هاتووه، كه پلانی ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا ئه‌وه‌یه كه هێزه چه‌كداره‌كانی هه‌ردوو به‌ره‌كه تێكه‌ڵی یه‌كتر بكه‌نه‌وه و له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه به ته‌واوی له ڕووی چه‌ك و جلوبه‌رگ و تواناكانیانه‌وه پێش بخرێن و یه‌كبخرێن، دواتریش ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوولا دروست ده‌كه‌ن و ناكۆكییه‌كان به ته‌واوی ڕیشه‌كێش ده‌كه‌ن و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسی و سه‌ربازییه‌یش ده‌كه‌ن به هه‌رێمێكی واقیع و پشتیوانی ته‌واوه‌تی ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له 1991 له باشووری كوردستانیان كرد.
هه‌رچه‌نده ئه‌نه‌كه‌سه ڕه‌تی كرده‌وه، كه له ئیئتلافی نیشتمانی سووریا كشابێته‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له داهاتوویه‌كی نزیك ئه‌وان به فه‌رمی ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نن. هاوكات ڕۆژنامه‌كه ورده‌كاری زیاتری له‌باره‌ی دانوستاندنه‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی، دانوستاندنه‌كان له پارێزگای حه‌سه‌كه به‌ڕێوه ده‌چن، له نێوان مه‌زڵووم كۆبانێ و نوێنه‌رانی په‌یه‌ده، له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌نه‌كه‌سه كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕه‌وانه ده‌كرێن و هه‌ردوولایش سه‌ركردایه‌تی هه‌سه‌ده و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی ته‌واویان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی دانوستاندنه‌كان به وردی و سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه بچن.
به‌رهه‌می ئه‌و دانوستاندنانه تا ئێسته بریتی بووه له ئازادكردنی گیراوه سیاسییه‌كان له ڕۆژئاوا و كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی حزبه‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا له شاره‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له داهاتوویه‌كی نزیك هه‌نگاوی تری گه‌وره بنرێ، كه ئه‌ویش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێزه‌كان و یه‌كخستنه‌وه‌یانه له ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا، ئه‌مه هه‌رچه‌نده دواكه‌وتووه، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی كێشه و ناكۆكی نییه، به‌ڵكوو بڵاووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه به وڵاتانی جیهان، كه هه‌موو جموجۆڵێكی وه‌ستاندووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه كێشه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه بۆ ڕۆژئاوا یه‌كێكه له گرفته قووڵه‌كان، بۆیه له دانوستاندنه‌كان ئه‌مه دواخراوه بۆ كاتێكی تر و ئێسته ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی و كاری له پێشینه‌ی دانوستاندنه‌كان بریتییه له دروستكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی هاوبه‌ش و گونجاو له نێوان هه‌ردوولا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان.
دانوستاندنه‌كان سه‌ركه‌وتوو بن، ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسا پشتیوانی ڕۆژئاوا ده‌كه‌ن و به پێچه‌وانه‌وه په‌راوێزیان ده‌خه‌ن
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، دروستكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی هاوبه‌ش، به‌و تایبه‌تمه‌ندی و پێشنیازانه ده‌بێ، كه ئه‌مه‌ریكی و فڕه‌نسییه‌كان پێشكه‌شی هه‌ردوولایان كردووه، له‌میانه‌ی به‌شداریان له ڕێی نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه له نێو دانوستاندنه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه جۆره ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مێكی جیاواز ده‌بێ له‌وانه‌ی پێشوو، به‌ڵكوو ئه‌مه‌ریكی و فڕه‌نسییه‌كان خۆیان دیزاینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌كه‌ن و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یشیان داوه كه له هه‌موو كاته‌كان پشتیوانی ته‌واوه‌تییان بكه‌ن و هه‌رگیز ڕێ به‌وه نه‌ده‌ن كوردی ئه‌و ناوچه‌یه قڕ بكرێن.
به‌هۆی ئه‌و ئاماده‌گییه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا و به‌ڵێنانه‌ی به هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌یان داوه، پێشبینی ده‌كرێ دانوستاندنی ئه‌مجاره‌ی نێوان ئه‌نه‌كه‌سه و ته‌ڤده‌م به ته‌واوی بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، چونكه خۆیان چاودێری دۆخه‌كه و جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ن و ڕێ ناده‌ن كه بیانووی جێبه‌جێ نه‌كردن بخه‌نه ئه‌ستۆی یه‌كتر، له ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتنی دانوستاندنه‌كانیش ئه‌وا پاریس و واشنتن كوردی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان پێشبینی ده‌كرێ به ته‌واوی په‌راوێزیان بخه‌ن.