وادەی دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش دیاری كرا

:: PM:02:23:13/05/2020 ‌

 

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕای گەیاند، یەكەمین وادەی دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش دیاری كراوە و سەتان بەڵگەنامە ئامادە كراون.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئایار،  دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕای گەیاند، سەتان بەڵگە بۆ دۆسیەی ئێزیدییەكان ئامادە كراون، تا ئێستە دوو هەزار و 600 كەیسی رفێنراوانی ئێزیدی، كریستیان، شەبەك و توركمان تەواو بوون، زیاتر لە سێ‌ هەزار كەیسیش لە لێكۆڵینەوەدان، لە رووی دەروونییەوە هەزار و 178 ژن لە سەنتەری راوێژكاری پارێزگای دهۆك چارەسەر كراون.

دەیان هەزار كەیس كۆ كراوەتەوە كە دەكاتە زیاتر لە 14.5 تیرابایت 
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، ئەو بەڵگانەی لە دەسەڵاتی داعش دەستیان كەوتووە، دیكیۆمێنت كراون و تا ئێستە زانیاری لەبارەی دەیان هەزار كەیس كۆ كراوەتەوە كە دەكاتە زیاتر لە 14.5 تیرابایت، هەروەها تیمەكان بڕی 960 هەزار دۆلاری ئەمەریكی تەرخان كردووە بۆ دابینكردنی كەلوپەل و مەشقكردن بە ئەندامانی تیمی پسپۆڕانی نیشتمانی بۆ كاركردن، هەروەها بڕیار وایە قۆناغی داهاتووی كاری لێكۆڵینەوەی تیمەكە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەست پێ بكات.

باسی لەوەش كردووە، تیمەكانی تایبەت پرۆگرامێكی مەشق و راهێنان بۆ ئەو دادوەرانە ئامادە دەكات بۆ دادگا، چونكە بەشداری راستەخۆیان دەبێت لە لێكۆڵینەوەكان و ئەگەر پێویست بێت لە پرۆسەی دادگاییكردنیشدا ئامادە دەبن، كە بڕیار وایە یەكەم دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت.

"چەند دادوەرێكمان پێشنیار كرد كە بۆ ماوەیەك راستەوخۆ كاریان لەسەر ئەو كەیسانە كردووە و شارەزاییەكی زۆریان هەیە، بۆیە رۆڵیان دەبێت لە گێڕانەوەی مافی كەسوكاری قوربانیان و قەرەبووكردنیان و ئەنجامدانی دادگاییەكی عادیلانە". لە راگەیەنراوەكە وا هاتووە.

لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، حكوومەتی هەرێم هەوڵەكانی خستەگەڕ و چەند تیمێكی دامەزراند بۆ ناساندنی تاوانەكانی داعش، لەوانە پێكهێنانی لیژنەیەك لە ڕێكەوتی 25/11/2014 بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی كەیسی كوردانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر و ئازادكردنیان، هەروەها دەستەی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگە و چارەسەركردن و لیژنەیەكی تایبەت بە دیكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش كە ئێستە ئەو بەڵگانە بۆ دادگای نێودەوڵەتی بەرز كراونەتەوە.


 



وشە - رامیار جەواد