د. كاوه مه‌حموود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "وشه" ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، ناكۆكی ناوخۆی كوردستان به‌رانبه‌ر به به‌غدا لاوازمان ده‌كات و پێویسته ئه‌و حزبانه‌ی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شن، واز له دووفاقی بێنن. له‌باره‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی مسته‌فا كازمیش ده‌ڵێ، كازمی هه‌مان عه‌قڵی پێشووه و ئه‌وه نییه كه مه‌ڕ و گورگ پێكه‌وه ئاو بخۆنه‌وه.
قسه‌تان له‌سه‌ر دۆخی سیاسیی ئێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان چییه؟
ئه‌و ته‌نگژه‌ی له كوردستان هه‌یه له نێوان حزبه‌كان، پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به هاوپه‌یمانیه‌تی حزبه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت هه‌یه به‌تایبه‌ت ئه‌و ململانێیه‌ی له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌یه، به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ته‌نگژه‌كان تاكه ڕێ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، دانیشتن و گفتوگۆیه و هیچ رێیه‌كی تر نییه، به‌ڵام پێویسته ئیتر گفتوگۆی نێوان حزبه‌كان به عه‌قڵییه‌تی رێككه‌وتنی دووقۆڵی و سێ قۆڵی نه‌بێت، چونكه دواتر توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌نگژه‌كانی نابێ، كه‌واته ئه‌مڕۆ كوردستان پێوستی به سیاسه‌تێك هه‌یه هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو چاك بكاته‌وه و هه‌نگاو بنێت و چاره‌سه‌ر بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌و ته‌نگژانه‌ی رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێـته‌وه، له هه‌مان كاتدا پێویسته ستراتیجی ئابووری سه‌ربه‌خۆ كاراتر بكرێت و كوردستان له ئابووری به‌رخۆر رزگار بكرێ و بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی نه‌وت به‌جۆرێك بێت كه پێداچوونه‌وه به‌سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت بكرێ كه له ڕابردوو كراون، بۆیه ناكرێ پارتی و یه‌كێتی به عه‌قڵیی حزبایه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بكه‌ن، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه حزب هه‌یه له حكوومه‌تدا كێشه‌ی نییه دواتر له په‌رله‌مان و دوای حكوومه‌ت كێشه دروست ده‌كات.
ناكۆكی لاوه‌كی جێی ناكۆكی راسته‌قینه‌ی گرتووه‌ته‌وه
ئه‌و دووفاقییه‌ی كه حزب هه‌یه له حكوومه‌ت كێشه‌ی نییه و له‌سه‌ر شاشه و په‌رله‌مان كێشه دروست ده‌كه‌ن؟
ئه‌و دووفاقییه له عه‌قڵیی ته‌سكی حزبایه‌تییه‌وه دروست ده‌بێت و ناكۆكی لاوه‌كی جێی ناكۆكی راسته‌قینه‌ی گرتووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت گوتاری به‌شێكی زۆر له حزبه‌كان وای كردووه كه كورد به لاوازی ده‌ربكه‌وێ به‌تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر به‌غدا و له‌كاتی ململانێیه‌كان كه له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه، نابێ حزبه‌كان بیریان بچێ كه كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه و ململانێی ناوخۆ زیانی گه‌وره‌مان لێ ده‌دات.
سیاسه‌تی ئابووری له كوردستان هه‌نگاوی رژدی ناوه بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟
سیاسه‌تی ئابووری له‌وه فراوانتره كه ته‌نیا له بابه‌تی مووچه‌دا ببه‌سترێته‌وه، پێویسته سه‌ره‌تا باوه‌ڕمان به سیستمی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام هه‌بێت و واز له به‌تایبه‌تكردنی هه‌موو كه‌رته‌كان بێنین، ئێسته وڵاتان باجی ملكه‌چی بازاڕ ده‌ده‌ن و هه‌موو میكانیزمێكی ئابوورییان قبووڵه، پێویسته حكوومه‌ت هه‌نگاوه‌كانی گه‌شه‌پێدان خێراتر بكات و یاسای وه‌به‌رهێنان و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت پێداچوونه‌وه‌ی پێدا بكرێ و كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به نه‌وت دابمه‌زرێ و پێویستمان به پێداچوونه‌وه‌یه‌كی فراوان هه‌یه له هه‌موو سێكته‌ره ئابوورییه‌كان.
نه حكوومه‌تی كازمی شامی شه‌ریفه و نه مه‌ڕ و گورگ پێكه‌وه ئاو ده‌خواته‌وه
ده‌مه‌وێ له‌باره‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی مسته‌فا كازمی پرسیار بكه‌م، هه‌مان عه‌قڵیی رابردووه و كورد رووبه‌ڕووی كێشه‌ی تر ده‌كاته‌وه؟
ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی مسته‌فا كازمی هێناوه‌ته‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌ر عه‌قڵیی جارانه كه له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زه‌وی و به‌شبه‌شێنه‌یه كه ده‌مێكه له عێراق به‌رپا بووه، ئێسته پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سازان و هاوسه‌نگی نه‌ماوه كه كورد پێویستی پێیه‌تی، بۆیه كورد ڕووبه‌ڕووی سیاسه‌تێكی قورس ده‌بێته‌وه كه به‌شێكی پێوه‌ندی به ناكۆكی ناوخۆی كوردستان هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش نابێ وا له خۆمان بگه‌یه‌نین كه حكوومه‌تی كازمی شامی شه‌ریفه و مه‌ڕ و گورگ پێكه‌وه ئاو ده‌خواته‌وه، بۆیه ده‌بێت وا ته‌ماشا بكه‌ین كه تا ئێسته له عێراق چه‌مكی ده‌وڵه‌تی قورس هه‌یه و كازمی عه‌قڵیی پێشووی هه‌یه و پێویسته كوردستان به هێمنی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و عێراقه‌ی ئێسته بكات.