فراكسیۆنی پارتی: پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە خزمەتی خەڵك بێت

:: PM:01:49:14/05/2020 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕوونی دەكاتەوە، پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان خۆیان نەخە ناو كێشە سیاسییەكان و هیچ فراكسیۆنێكیش بڕیاری بایكۆتی نییە لە پەرلەمان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئایار، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، فراكسیۆنەكان پێیان گوتین كەسیان بڕیاری بایكۆتیان پێ نییە و بڕیاری سیاسییان نییە بۆ بایكۆتی پەرلەمان.

پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان خۆیان نەخە ناو كێشەكانی پەرلەمان و كێشە سیاسییەكان
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتی، دەستپێشخەرییەكە كرابوو كە سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆ ببینەوە بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەوانەشی ئەو پێشنیارەیان كردبوو، خۆشیان ئەمڕۆ بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد.

ڕوونی كردەوە، هیچ هۆكارێك نابینین كە پەرلەمانی كوردستان پەك بخرێت، بەڵكو پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان خۆیان نەخە ناو كێشەكانی پەرلەمان و كێشە سیاسییەكان.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان باسی لەوە كردبێت شكۆی پەرلەمان لە حەوتی ئایار شكاوە، ئەوە قسەیەكی خراپە و ئێمە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە نوێنەری حزب نازانین و بە نوێنەری سەرجەم خەڵك دەزانین.

لە بەرانبەر پرسیارێكی پەیامنێران كە سەرۆكی پەرلەمان گوتی، "واژوو لەسەر هیچ پڕۆژەیەك ناكەم" ئومێد خۆشناو ڕای گەیاند،  ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان ئەو قسەیەی كردبێت، نالۆجیكە و پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە خزمەتی خەڵك بێت، هیوادارین هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بكرێت.



وشە - رامیار جەواد