به بۆنهى دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی له مامۆستایان دەكات.
لە سەخترین ڕۆژگارەكان مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت
ئهمڕۆ ههینى 15ى ئایار، سهرۆك بارزانى له پهیامێكدا ڕاى گهیاندووه، "بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان، سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بەبۆنەی پەنجاو هەشتەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی ئێوە و سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم."
زیاتر هاتووه، "لە مێژووی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەماندا، ڕۆڵی نیشتیمانپەروەرانەی مامۆستانی كوردستان هیچ كات لەبیر ناكرێت. ئەوان لەپاڵ ئەرك و پیشە پیرۆزەكەیاندا چەكی بەرگریكردن لە خاك و نیشتمانەكەیان لە شان بووە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهیدی نەمریان پێشكەش بە كوردستان كردووە."
ڕوونكراوهتهوه، "لە سەخترین رۆژگارەكانی میللەتەكەماندا مامۆستایان هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت و سەرباری بوونی قەیران و كێشەی گەورە مامۆستایان نموونەیەكی باڵا بوونە بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست."
سهرۆك بارزانى ڕاى گهیاندووه، "لەم بۆنە پیرۆزەدا جارێكی دیكە سوپاسی ماندووبوون و هەوڵی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەكەم و هیوای پێشڤەچوون و بەردەوامی بۆ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم."