زۆربه‌ی كات دایک و باوكان ڕووبەڕووی ئه‌و كێشه‌یه ده‌بنه‌وه كه منداڵه‌كه‌یان له شه‌ودا قاچیان تووشی ئازار ده‌بێت و له ڕۆژدا تووشیان نابێت، پزیشكێكی پسۆڕ له‌و باره‌یه‌وه زانیاری ده‌خاته ڕوو و چاره‌سه‌ره‌كه‌یشی باس ده‌كات.
ھیچ پێوه‌ندی به گه‌شه‌ی منداڵه‌كه‌وه نییه
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 17ی ئایار، دكتۆر هه‌ڤین كه‌مال شاه، شاره‌زا له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی جومگه و بڕبڕه بێ نه‌شته‌رگه‌ری به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له منداڵ و ھه‌رزه‌كاردا جۆره ئازارێك ھه‌یه پێی ده‌گوترێت (ئازاری گه‌شه‌ی منداڵ)، ئه‌م ئازاره له ته‌مه‌نی گه‌شه‌دا ڕوو ده‌دات، له شه‌ودا له قاچ و ڕان و پشته‌وه‌ی ئه‌ژنۆ زیاتره. زانایان و پسپۆڕه‌كان ده‌ڵێن ئه‌م جۆره ئازاره ھیچ پێوه‌ندی به گه‌شه‌ی منداڵه‌كه‌وه نییه، له‌وانه‌یه ھۆكاره‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و چالاكی و جووڵه زۆره‌ی منداڵان ھه‌یانه له ته‌مه‌نی گه‌شه‌دا.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی منداڵان كه‌ی ده‌وه‌ستێت، گوتی "به‌گشتی زۆربه‌ی كچان له ته‌مه‌نی 16 - 17 ساڵیدا گه‌شه‌ی باڵایان ده‌وه‌ستێت، كوڕانیش له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا، ھه‌رچه‌نده له ھه‌ندێك كه‌سدا گه‌شه‌ی باڵا تا ته‌مه‌نی 25 ساڵی به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئایا به شێلان و مه‌ساجكردن ئازاری جومگه‌ی منداڵان ده‌ڕوات؟ دكتۆر هه‌ڤین ڕای گه‌یاند، "به‌ڵێ ھه‌میشه شێلان و مه‌ساج كاریگه‌ری باشیان ھه‌یه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار له منداڵ و گه‌وره‌شدا. به‌مه‌رجێك به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ئه‌نجام بدرێت، باشتره قووڵ نه‌بێت و به‌شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی بێت.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چ كاتێك منداڵ پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ریی جومگه‌كان ده‌بێت؟ ئاشكرای كرد، "ھۆكار زۆره بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریی جومگه‌كان له منداڵاندا. ئه‌ویش زیاتر پسپۆڕی ئێسك و شكان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن وه‌ك ناڕێكی زگماكی له جومگه‌كاندا، شكانی ئێسكی ناو جومگه‌كان، پێكان و له‌كاتی ڕووداوی ھاتوچۆدا و چه‌ندان ھۆكاری تریش."
له كۆتادا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه له هه‌رێمی كورستاندا تا ئێسته چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی تایبه‌ت به جومگه و ئازاری قاچ و ده‌ستی منداڵان به ده‌رزی چینی كراوه. ئه‌و پزیشكه ڕوونی كرده‌وه، "زۆر له توێژینه‌وه نوێیه‌كان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌توانرێ ده‌رزی ئاژنین به‌كار بھێنرێت بۆ ئازاری به‌رده‌وامی ماسولكه و جومگه له منداڵدا كه ھیچ زیانێكی لاوه‌كی نییه. به‌ڵام ڕێیه‌كی كه‌مێك ئه‌سته‌مه و باشتره ته‌نیا كاتی ناچاری ئه‌نجام بدرێت. له ھه‌رێمی كوردستاندا تا ئێسته به‌ھیچ جۆرێك به‌كار نه‌ھاتووه.