بەهای دینار و زێڕ بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشان

:: PM:01:49:18/05/2020 ‌

دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دابەزینی نرخی دینار بەرانبەر دۆلار بەرێژەیەكی بەرچاو لە نرخەكەی هەڵكشا . هاوكات نرخی زێڕیش دیسان نرخەكەی بەرز بووەوە و بەرزترین نرخی لە هەشت ساڵی رابردوو تۆمار كرد.

ماوەیەك بوو لەژێر كاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتی عێراق و ئەو دۆخە سیاسییەی بۆ عێراق هاتبووە پێش، نرخی دینار بەرانبەر دۆلار دابەزیبوو و تەنانەت هەر 100 دۆلار گەیشتبووە نزیكەی 126 هەزار دینار، لە چوار هەفتەی رابردووشدا لە نێوان 123 تا  125 هەزار دۆلار لە هەڵبەز و دابەزدا بوو. ئەمڕۆ دووشەم نرخی دینار بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا و ئێستە هەر 100  دۆلار بە 121 هەزار و600 دینار دەفرۆشرێت.

نرخی 100 دۆلاریش بۆ 121 هەزار و 600 دینار دابەزیوە .
كارزان وەفیق زێڕنگر و بریكاری كۆمپانیای krnb  بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، نرخی 100 دۆلاریش بۆ 121 هەزار و 600  دینار دابەزیوە . بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پێكهاتنی حكوومەتی نوێی عێراق و سیاسەتەكانی بانكی ناوەندیی بۆ خستنەڕووی دۆلار، بە گرنگترین هۆكاری هەڵكشانی نرخی دینار هەژمار دەكرێن.

ترسی ئەوە لەئارادا بوو نرخی دینار بەرانبەر دراوە بیانییەكان زیاتر داببەزێت كە لەوكاتەدا بازاڕەكانی عێراق و كوردستانی تووشی هەڵاوسان دەكرد. لە چەند رۆژی رابردوودا تەنانەت راپۆرتێك لەسەر ئەمە بڵاو بووەوە حكوومەتی عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی، نرخی دینار بشكێنێت بۆ ئەوەی دواجار دینارێكی زیاتر بێتە دەستی و دابەشی سەر فەرمانبەرانی بكات. سیاسەتێك كە ئەگەر جێبەجێ بكرایە، زیانی بە هەموو عێراق دەگەیاند .
پێگەی دراوی عێراق بەرانبەر دراوە بیانییەكان بەهێزتر بووە

لەگەڵ هەڵكشانی نرخی دینار پێگەی دراوی عێراق بەرانبەر دراوە بیانییەكان  بەهێزتر بووە و بەگوێرەی xe هەر 100 لیرە بە 17 هەزار و700 دینار و 100 یۆرۆش بە 132 هەزارو200 دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێ.

نرخی هەر 100 پاوەند بە 148 هەزار و 300 دینار و 100 هەزار تمەنیش بە حەوت هەزار و 100 دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێ. 

بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرانبەر دراوی بیانی، بەو واتایە دێت هێزی كڕینی ئەو پارەیە زیاتر دەبێت و هاووڵاتییان سوودی زیاتر وەردەگرن لەو پارەیەی رۆژانە بە رێی جیاواز دەچێتە گیرفانیانەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی دیناردەبێتە هۆكاری دابەزاندنی نرخی شتومەك لە بازاڕەكان و كەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان.

نرخی دیناری عێراقی لە كاتێكدا بەرز دەبێتەوە كە نرخی دراوی فەرمی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی ئێران و توركیا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە خێرایی رووی لە دابەزین كردووە. بەشێكی زۆر لە پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان لە عێراق و توركیاوە هاوردە دەكرێت و دواجار بەرزبوونەوەی نرخی دیناردەبێتە هۆكاری دابەزاندنی نرخی شتومەك لە بازاڕەكان و كەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان.

بەگوێرەی dailyfx   هەینی رابردوو هەر ئۆنسێك لە زێڕی 24 عەیار بە هەزار و 741 دۆلار و 50 سەنت داخرا، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزار و 761 دۆلار دەفرۆشرێت . لە سەرەتای ئەم مانگەوە 80 دۆلار لە نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ هەڵكشاوە.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بە واتای بەرزبوونەوەی بەهای سەرجەم جۆرەكانی زێڕە لە بازاڕەكانی دنیا، لە بازاڕەكانی كوردستانیش نرخی زێڕ هەڵكشا.

زێڕی 21 عەیار بە 305 هەزار دینار
 وەك كارزان وەفیقی زێڕنگر باسی كرد، لە كوردستان مسقاڵی زێڕی 24 عەیار بە 345 هەزار دینار دەفرۆشرێت. هاوكات زێڕی 21 عەیار بە 305 هەزار دینار و 18 عەیاریش بە 250 هەزار دینار دەفرۆشرێت.

ئەو روونیشی كردەوە، بەرزیی نرخی زێڕ وای كردووە هاووڵاتییان زیاتر زێڕەكانیان بفرۆشن نەك بكڕن، هۆكاری ئەمەش ئەگەر لە لایەك بۆ گرانیی زێڕ بگەڕێتەوە، لە لایەكی تر بۆ ئەو تەنگژە داراییە دەگەڕێتەوە بەربینگی كوردستان و هاووڵاتییانی گرتووە.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێ كە نالەباریی دۆخی ئابووری دنیا بەهۆی كۆرۆناوە، وایكردووە وەبەرهێنەران زیاتر روو لە كڕینی زێڕ بكەن، چونكە سامانێكی متمانە پێكراوە. كەم نین ئەو وەبەرهێنەر و دەوڵەمەندانەی بەهۆی دابەزینی پشكەكانیان یان داخرانی بازاڕەكان، زیانێكی زۆریان بەركەوت و لە دۆخێكی لەم شێوەیەش تەنیا زێڕە دەتوانێ ببێتە هۆی پاراستنی سەرمایەی وەبەرهێنەران.

بەرزیی داخوازیش لەسەر هەر كاڵایەك دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی، بۆیەش ئەم رۆژانە زێڕ پارەیەكی زۆر دەكات.

ئەگەر هەڵکشانی نرخی نەوت بەردەوام بێت و كۆرۆناش پاشەكشە بكات، ئەوا چاوەڕێ دەكرێ نرخی دینار زیاتر بەرز ببێتەوە
ئەمڕۆ نرخی نەوتیش زیاتر بەرز بووەتەوە و بە نزیكەی 34 دۆلار دەفرۆشرێت، عێراق و هەرێمی كوردستان كە داهاتە سەرەكییەكەیان نەوتە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكرێ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەردەوام بێت و كۆرۆناش پاشەكشە بكات، ئەوا چاوەڕێ دەكرێ نرخی دینار زیاتر بەرز ببێتەوە و دووبارە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بووژانەوە بەخۆیانەوە ببینن و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش تووشی دواكەوتنی مووچە نەبن.
 





وشە - سلێمان تاشان