كۆرۆنا.. نەخۆشخانەكانی بەغدا پڕ بوونەتەوە

:: PM:06:21:18/05/2020 ‌

ئێستە عێراق روو لە دۆخێكی خراپ دەكات لەبارەی ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە دوو رۆژی رابردوو ئامارەكە بە شێوەیەكی خێرا روویان لە هەڵكشان كردووە، كاتێك دوێنێ 144 حاڵەتی نوێ و ئەمڕۆ 150 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كران، وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژە بۆ پڕبوونی نەخۆشخانەكانی بەغدا دەكات.
زۆرینەی تووشبووان لە بەری رەسافەی بەغدان
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ دووشەم گوتی، وەزارەتی تەندروستی هەستاوە بە بەكرێگرتنی سێ هوتێل لە بەغدا و تایبەتی كردوون وەك سەنتەری دابڕینی تووشبووانی كۆرۆنا، ئەوەیش دوای پڕبوونەوەی نەخۆشخانەكانی فورات و ئیبن خەتیب، دووپاتی كردەوە كە زۆرینەی تووشبووان لە بەری رەسافەی بەغدان.

زیاتر گوتی، پڕبوونەوەی نەخۆشخانەكان بەهۆی زیادبوونی حاڵەتی تووشبوونە لە هەفتەی رابردوودا، بەتایبەتی لە بەغدای پایەتەخت، روونی كردەوە، ئەو بابەتەیش پێوەندی بە كەمتەرخەمییەوە نییە، بەڵكو زۆرینەی وڵاتانی دنیا رووبەڕووی پەتاكە بوونەتەوە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو زیاتر لە 300 تووشبووی كۆرۆنا لە عێراق تۆمار كراون، لەوانە زۆرینەی تووشبووان لە بەغدان كە تەنیا ئەمڕۆ 120 تووشبوو و دوێنێ 105 تووشبووی تۆمار كردووە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل