بەهای نەوت گەیشتە سەرووی 35 دۆلار

:: AM:09:47:19/05/2020 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و بەرزترین نرخی لەوەتەی 13ی ئادارەوە تۆمار كرد. بەهای نەوتی برێنت بەراورد بە مانگی رابردوو بەرێژەی 100% بەرز بووەتەوە.

لە دوێنێ دووشەمەوە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و چاوەڕوان دەكرێ ئەم هەفتەیەش هاوشێوەی سێ هەفتەی رابردوو نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوە.

بەگوێرەی dailyfx  ئەمڕۆ سێشەم، نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 35 دۆلار و 10 سەنت دەفرۆشرێت كە بەرزترین نرخە لە 70 رۆژی رابردوو تۆمار كرابێت. هاوكات نەوتی جۆری ئەمەریكی ناسراو بە wti لە 29 دۆلار و 60 سەنتەوە  بەرەو 32 دۆلار و 10 سەنت هەڵكشاوە و لە دوای 12ی ئادارەوە بۆ یەكەم جارە ئەو نرخە تۆماردەكات.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە هەڵكشان كردووە كە مانگی رابردوو نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار كردبوو، تەنانەت نەوتی جۆری ئەمەریكا بۆ سفر دابەزیبوو و فرۆشیاران پارەیەكیشیان دەدا بە كڕیار تا نەوتەكە لە كۆگاكاندا بگوازێتەوە.

 ئەگەر زۆربوونی بەرهەمهێنان لە رابردوودا و كەمبوونەوەی داخوازی بە هۆی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا، گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بووبێت، ئەوا ئێستە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان لە لایەك و دووبارە لابردنی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا و كرانەوەی بازاڕەكان، بە هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.
كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان و لابردنی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆرۆنا و كرانەوەی بازاڕەكان، هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە

لە سەرەتای ئەم مانگەوە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەستیان بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە كردووە كە مانگی رابردوو واژوویان كرد و بڕیاریان دا بە رێژەیەكی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە.



وشە - سلێمان تاشان