ئەڵمانیا و فڕەنسا لەسەر دامەزراندنی سندووقێكی 500 ملیار یۆرۆیی رێككەوتن

:: AM:11:04:19/05/2020 ‌

كۆرۆنا كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر ئابووری ئەوروپا هەبووە و هەریەك لە فڕەنسا و ئەڵمانیاش بۆ رزگاركردنی ئابووری ئەوروپا لە داڕمان، سندووقێكی 500 ملیار یۆرۆییان دامەزراندووە.

هەریەك لە ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا لە پرێس كۆنفرانسێكدا رێككەوتنەكەیان راگەیاند. ماكرۆن  گوتوویەتی ئەو رێككەوتنە بە واتای ئەوە نییە هەر 27 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ رێككەوتنەكە بن و ئامانج لێی ئەوەیە بتوانن ئەو كەرتە ئابوورییانەی یەكێتی ئەوروپا ببووژێننەوە كە بەهۆی كۆرۆنا زیانیان بەركەوتووە.

هاوكات ئەنجێلا مێركڵ داوای لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كرد لەو پڕۆژەیەدا هاوكارییان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر تەنگژە و كێشەكاندا زاڵ بن.

یارمەتییەكان بە بێ بەرانبەر پێشكەش دەكرێن
بەگوێرەی دۆیچەوێلە، ئەوەی ئەم پاڵپشتییە داراییە لە پاڵپشتییەكانی تری یەكێتی ئەوروپا جیا دەكاتەوە ئەوەیە، یارمەتییەكان بە بێ بەرانبەر پێشكەش دەكرێن و ماكرۆن بە فەرمی گوتوویەتی هەمو ئەو كەرت و دامەزراوانەی یارمەتییەكە وەردەگرن ناچار بە دانەوەی پارەكە ناكرێن.

بڕیارە ئەم بودجەیە لە قۆناغێكی 20 ساڵەدا دابین بكرێت. ئەڵمانیا لەو وڵاتانەیە كە لە پاڵپشتیكردنی یەكێتی ئەوروپا زۆرترین رۆڵی هەبووە.



وشە - سلێمان تاشان