جه‌مال سلێمان كه ئه‌كته‌رێكی زۆر ناوداری سووریایه و به ئۆپۆزسیۆنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ناسرێته‌وه، له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا رای گه‌یاندووه، له ترسی گرتن و ئازاردانی، ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ سووریا، بۆیه ئێسته كاری هونه‌ریی له میسردا ده‌كات.
پێگه‌ی "
ئیلاف" بڵاوی كردووه‌ته‌وه، به‌رنامه‌ی "شیخ الحاره و الجریئه" كه خاتوونه ده‌رهێنه‌ر ئیناس دهغیدی ئاماده و پێشكه‌شی ده‌كات و له كه‌ناڵی "القاهره والناس" دێته وه‌شان، دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ناوداری سووریایی جه‌مال سلێمان كردووه. له‌وێدا ئه‌و هونه‌رمه‌نده كه ئۆپۆزسیۆنی رژێمی ئه‌سه‌ده، هیوا ده‌خوازێ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د نه‌مێنێ و وڵاته‌كه‌ی ببێته وڵاتێكی دیموكراتی، تا ئه‌ویش بگه‌ڕێته‌وه و له‌وێدا كاری هونه‌ری بكات.
پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ كرا كه تا چه‌ند ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ سووریا و له‌وێ نه‌یه‌ته گرتن، جه‌مال سلێمان ده‌ڵێ، ئێسته كاتێكی زۆر ناخۆشم به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌م، چونكه بێ گومانم له‌وێ دێمه گرتن. ئێمه‌ومانان قوربانیمان داوه و له‌و قوربانیدانه راهاتووین، به‌رده‌وامیش ده‌بین تا وڵاته‌كه‌مان ده‌گۆڕێت.
سلێمان ئه‌وه‌شی گوت كه كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سووریا، وڵاته‌كه‌ی ببێته وڵاتێكی دیموكراتی، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه كه رژێمێك ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌ست گرتووه، ته‌نیا به كوشتن و خوێنڕشتن گه‌له‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌بات. كاتێك ده‌گه‌ڕێمه‌وه له هه‌ست بكه‌م رێز له خۆم و هونه‌ره‌كه‌م ده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه، ده‌بێ كه‌سێكی ئازادیخواز بم نه‌ك وه‌ك كۆیله بژیم.
دواتریش سلێمان گوتی من هه‌ڵگری دروشمی "سووریا بۆ هه‌موو سوورییه‌كان"م. وڵاته‌كه‌م ببێته وڵاتێك كه هه‌موو نه‌ته‌وه و ئاینه جیاوازه‌كان بتوانن پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن، ببێته وڵاتێك ئیسلامی و عه‌لمانی بتوانن تێدا ژیان بكه‌ن.
هونه‌رمه‌ندی سووریایی جه‌مال سلێمان كه له ساڵی 1959 له گه‌ڕه‌كی باب سهریجهی دیمه‌شق له دایك بووه. له ته‌مه‌نی 14 ساڵییه‌وه رووی له هونه‌ری نواندن كردووه. له ساڵی 1981ه‌وه ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی سووریا بووه. به‌ڵام به‌هۆی بۆچوونه جیاوازه‌كانی، له 2015دا له‌و سه‌ندیكایه ده‌ركراوه. له‌وكاته‌وه له ترسی گرتن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه چووه‌ته میسر و ئێسته له‌وێ نیشته‌جێیه. ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌شداریی له ده‌یان دراما و شانۆ كردووه و چه‌ندان خه‌ڵاتی پێ به‌خشراوه.