بە دەمامك و مێزی تایبەت قوتابخانەكانی كۆریای باشوور كرانەوە

:: PM:03:16:20/05/2020 ‌

كۆریای باشوور تا سێ مانگ لەمەوبەر لەدوای چین مەترسیدارترین شوێن بوو بۆ تەشەنەسەندنی كۆرۆنا، بەڵام ئێستە دوای 79 رۆژ داخرانی قوتابخانەكان، دووبارە دەرگای قوتابخانەكانیان بە رێوشوێنێكی تایبەت كردەوە.

بڕیاری كردنەوەی قوتابخانەكان لەسەر قۆناغی دواناوەندی جێبەجێ كراوە و قۆناغەكانی خوارتر سێ هەفتەی ترلە هەشتی حوزەیران دەكرێنەوە.

كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان ئەزموونێكی گرنگە بۆ حكوومەتی چین كە رووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتەوە. لەم وڵاتە سەرووی 11 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە 263 كەس گیانیان لە دەست دا و سەرووی 10 هەزار و 200 كەسیش چاك بوونەتەوە. هێشتا سەرووی 700 نەخۆشی كۆرۆنا لە وڵاتەكە هەن.

قوتابخانەكانی كۆریا لە چوارچێوەی رێوشوێنی توندی خۆپارێزی كراونەتەوە و هەموو قوتابیان دەبێ دەمامك بپۆشن و سەرجەم مێزەكانی دانیشتنی قوتابیانیش جامی خۆپارێزییان بۆ دانراوە، قوتابیان لە كاتی دانیشتنی پۆل مەودایان لەگەڵ یەكتردا هەیە.

قوتابیان هۆكارن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی بەساڵاچوو
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، راستە قوتابیان لەو تەمەنەدا مەترسییەكی زۆریان لەسەر نییە تا بەهۆی كۆرۆنا بمرن، بەڵام هۆكارن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ كەسانی بەساڵاچوو.

ژمارەی دانیشتووانی كۆریای باشوور سەرووی 50 ملیۆن كەسە و لەوەتەی كۆرۆنا لەو وڵاتە بڵاو بووەتەوە 770 هەزار پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام دراوە.





وشە - سلێمان تاشان