ژووری ئۆپۆراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك بڕیاری له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی 72 سه‌عاته‌كه‌ی ڕۆژانی جه‌ژن راگه‌یاند.
سه‌رجه‌م پارك و باخچه و شوێنه گه‌شتیارییه‌كانیش داده‌خرێن
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 20ی ئایار، ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر له راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ڕاگرتن و قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو له سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌هه‌موو شار و شارۆكه‌كانه‌وه بۆ ماوه‌ی 72 سه‌عات له‌یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان ده‌ست پێ ده‌كات.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، بڕیار دراوه به داخستنی گشت مۆڵ و ماركێت و نانه‌واخانه و بازاڕ و ئه‌و شوێنانه‌ی كه پێشتر بۆ خزمه‌تی هاووڵاتییان ڕێگه پێدراوبوون، جگه له ده‌رمانخانه‌ی ئێشكگر كراوه ده‌بن. له‌گه‌ڵ داخستنی سه‌رجه‌م ته‌كییه و خانه‌قا و شوێنه ئاینییه‌كان.
هه‌روه‌ها دووپات كراوه‌ته‌وه كه هه‌موو جۆره دانیشتن و گردبوونه‌وه‌یه‌ك و پرسه‌دانان و سه‌ردانی كردنی خاوه‌ن پرسه‌یه‌ك و قه‌ره‌بالغییه‌ك قه‌ده‌غه‌یه و سه‌رجه‌م پارك و باخچه و شوێنه گه‌شتیارییه‌كانیش داده‌خرێن.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه پێشتر وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدابوو ڕۆژانی جه‌ژن قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رانسه‌ری له كوردستان ڕابگه‌یه‌نرێ.