كرێكاری کارگەیەک لە هەولێر گیانی لە دەست دا

:: AM:10:00:21/05/2020 ‌
بەرپرسێكی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، كرێكارێكی بە ڕەگەز كورد كە خەڵكی ڕۆژئاوایی كوردستانە، لە كارگەیەك بەربووەتەوە و گیانی لە دەست داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئایار، هۆگر عەزیز گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كرێكارێك بەهۆی بەربوونەوەی لە كارگەیەك، گیانی لە دەست دا.

دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و تێپەڕینی رۆژێك بەسەر رووداوەكەدا، گیانی لە دەست داوە
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، كرێكارەكە ناوی عەماڕ موفیدە و تەمەنی 27 ساڵە، لە كاتی كاركردنی لە باڵەخانەی كارگەیەكی جپس كەوتووەتە خوارەوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و تێپەڕینی رۆژێك بەسەر رووداوەكەدا، گیانی لە دەست داوە.

ڕوونی كردەوە، ئەو كرێكارەكە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە و كوردە و دانیشتووی كەمپی قوشتەپەیە لە پارێزگای هەولێر.

باسی لەوەش كرد، ئێستە پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان بۆ كردووەتەوە و رادەستی دادوەری لێكۆڵینەوەمان كردووە تا رێكارە یاساییەكان بگرێتەبەر.



وشە - رامیار جەواد